ئەگەر مەردی لە دنیادا سەبوکبار و قەلەندەر بە
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
416 بینین
ئەگەر مەردی لە دنیادا سەبوکبار و قەلەندەر بە
ڕەفیقی ساقییی سادە و حەریقی جام و ساغەر بە
وەکوو زاهید خەمی جەننەت مەخۆ ئاسوودەخاتر بە
بە تەقریری ئەزەل ڕازی بەبێ پەروا لە مەحشەر بە
هەژاری و بێ نەوایی شاهییە وەک خواجە بۆ پارە
مەبە ڕیسوایی دنیا و عاقیبەت بێ پووڵ و بێ زەڕ بە
کەسێ مەردە کە ئازاری دڵی خەڵکی نەدا هەرگیز
کە جەلبی قەلبی مردوم کەیت بڕۆ سەردار و سەروەر بە
ئەگەر عاقڵ بی عیلم و مەعریفەت تەحسیل ئەکەیت وەرنێ
کە شێت و جاهیلیت عەوداڵی ئەهلی قاتر و کەر بە