دڵم بەسراوی داوی چینی زوڵفی دڵڕوبایێکە

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  411 بینین
دڵم بەسراوی داوی چینی زوڵفی دڵڕوبایێکە
سەرم شێواوی شێوەی یاری بێ ڕەحم و وەفایێکە
بە شەو دەنگی سەگی بەر دەرگەکەت ئەبیەم ئەبم خۆشحاڵ
ئەویش چونکە وەکوو من پاسەوانی باوەفایێکە
لە لایەک تیپی برژانگ و لە لایەک هێرشی زوڵفت
عەزیزم بۆ خەرابی موڵکی دڵ هەریەک بەڵایێکە
کەرەم کە خاکی ژێر پێت گیانەکەم توبی و خوا جارێ
کە بۆ ژانی گلی ئەم چاوە ئێشاوەم دەوایێکە
وەرە وێرانەکەم ساتێ بە ڕەسمی بەندە لاواندن
بڵێن با پادشاهێ وا میوانی بێ نەوایێکە
لە دڵما چی ئەکەیت پڕ ئاگری عەشقە دەخیلت بم
وەرە سەر چاوەکەی چاوم کە جێگەی با سەفایێکە
زەمانە سەیرە هەروا بێ تەئەموول دێت و دەڕوا خەڵک
بە وردی گەر تەماشای کەی عەجایەب سینەمایێکە