هەمیشە تەبعی تۆپێی خۆشە گیانە مەردم ئازاری

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  425 بینین
هەمیشە تەبعی تۆپێی خۆشە گیانە مەردم ئازاری
لە لام وایە لە دینی ئێوەدا باشە گونەهکاری
لە چاوما تا سبەینێ خەو ئەبەستێ مات و سەرسامم
کە چاوی مەستی نازت چۆن ئەزانێ عیلمی سەححاری
بە ئەبلەم تێمەگە ئەی گیانی شیرینم کە سەر خۆشم
بە یادی چاوی مەستی تۆیە بێزارم لە هۆشیاری
دڵم ئەو چاوە بیمارانە بردوویە بە عیشوە و فەن
لە ساغی بۆیە خۆشم نایە هەر پێم خۆشە بیماری
گونەهکارم ئەترسم خوێنی پیسم جەوهەرت بگرێ
بەسە ئەی تیغی ئەبرۆی حەزرەتی مەحبووبە خوێنخواری
قوسوورت چی لە یاران دیوە تۆ ئەی شۆخی بێ مروەت
کە بێزاری لە یار و دائیمە مائیل بە ئەغیاری!
دڵی ئەو شۆخە بەردە ئاسنە تەئسیری لێ ناکا
کەمالیناسناوی ئەدەبی بەسیە بەس شۆر و فوغان و گریە و زاری