خەڵکینە وەرن بەسیە ئیتر ڕوو لە خودا بن
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
1 خولەک
592 بینین
خەڵکینە وەرن بەسیە ئیتر ڕوو لە خودا بن
بەس مایلی فیتنە و شەڕ و ئاشووب و بەڵا بن
بەس تەفرەقە و وێڵی کەژ و کێو و چیا بن
زۆر عەیبە کە بەم نەوعە پەرێشان و گەدا بن
***
وەک تەیر ئەگەڕێن عالەمی ئەمڕۆ بە هەوادا
ئەستێرە و مانگ کەشف ئەکەن ئێستا لە سەمادا
بەحری هەموو دنیا ئەگەڕێن وان لە سەفادا
ئێوەن هەموو غەرقن لە غەم و دەرد و جەفادا
خزمینە دەسا بێنەوە ئێوەش دە وەها بن
زۆر عەیبە کە خەڵک ڕووت کەنەوە هەندێ لە کۆڵان
شەو بێت و بدەن زرمە لە دەرگای هەموو ماڵان
ئەشیای هەموو ئەو ماڵە ببەن ئێوە بە تاڵان
بۆ چی بە دەسی ئێوەوە بگرین کە مناڵان
سا بێنەوە ئەم جارە کەمێ ڕوو لە خودا بن