ساقی لە داخی خەمی زەمانە
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
621 بینین
ساقی لە داخی خەمی زەمانە
دەردم گرانە
دەخیلم هەڵسە زووکە ئازانە
تو خوا مەردانە
***
بگەرە فریام یەکجار پەشێوم
زۆر بار بەلێوم
عەوداڵی دەشت و ڕەهەندەی کێوم
وا قوڕ ئەپێوم
***
سوپای خەم و دەرد هێرشی هێنا
ئەمڕۆ تا فەردا
وڵاتی دڵم ئەکا ئیستیلا
کەس چاری ناکا
***
ساقی گیان مەگەر تۆ بە پێکی مەی
جەیش و سوپای خەم
بشکێنی ئازا ڕزگارم بکەی
لە دەرد و ماتەم
***
بە یادی دیدەی مەستی سێوەنگت
تێکە پێکی مەی
لە شەوقی لێوی ئاڵی گوڵ ڕەنگت
بمدەرێ پەی پەی
***
دڵەی بە تاڵان براوم قوربان
لە دەست سوپای خەم
بسێنەرەوە توخوا ساقی گیان
تکات لێ ئەکەم
***
هەرچەندە دڵم بێ کەڵکە لای تۆ
ئازیز بزانە
بمێنێ چاکە نەونەمامی تۆ
بۆتۆ قەڵغانە
***
دوور ئەخاتەوە لێت دەرد و بەڵا
بە ڕۆژ و بە شەو
بەڵا گەردانی باڵاتە بە خوا
بێ خۆراکە و خەو
***
ئەسووڕێتەوە وەکوو پاسەوان
هەرگیز ناسرەوێ
ئەپاڕێتەوە لە قاپی یەزدان
قەزات لێی کەوێ
***
کە وا بوو ئازیز شەرت و وەفات بێ
ترسی خودات بێ
ڕزگاری بکە با هەر لە لات بێ
عەبدی دەرگات بێ
***
حەیفە پێت بڵێن کە بێ وەفا بوو
چاری نەکرد زوو
بە تاڵان برا دڵەی کۆست کەوتوو
وا لەکیسی چوو