چ خۆشە کاتی جوانی عەشقی یاری ماهـ ڕوخساری
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
1204 بینین
چ خۆشە کاتی جوانی عەشقی یاری ماهـ ڕوخساری
کە عاشق دڵ بدا وەک من بە دڵداری وەفاداری
لە ناو باخ و گوڵستانا هەوای سافی چەمەنزاری
لەگەڵ یارا بکەی سەیر و سەفای بێ ترسی ئەغیاری
شەرابی ناب و گوێی ئاو و شەوی مەهتاب و فەسڵی گوڵ
خوڕەی ئاو و سەدایی عوود و تار و نەغمەیی بولبول
شنەی با بێت بەسەرما خۆشە دائیم وا لە ڕووی سەحرا
بهێنێ بۆم هەمیشە بۆنی عەتر و عەنبەری سارا
لە لام خۆشە بە ڕاستی جێگەیێکی وا و فەسڵی وا
لەگەڵ تۆ ئەی نیگاری نازەنین ئەی شۆخی بێ هاوتا
بەڵام دووربین لە چاوی دوژمنان و خۆیش و بێگانە
سەری تۆ بێ لەسەر ڕانم دەسی من بگرێ پەیمانە
بەڕاستی خۆشە لام بچنم لە باخی ڕووی نیگارم گوڵ
لە دەستما بێ دەسی دڵدار و بەختیار بین بە کامی دڵ
بکەین ڕاز و گلە جارجار بنۆشین پێکی بادە و مول
بە دەنگی یا کەریمی قومری و بانگ و سەدای بولبول
لەسەر سنگم بێ ڕووت ئاڵۆز بکا با زوڵفی پڕ چینت
دەمی من بێ لەسەر دوو لێوی ئاڵی لەعلی شیرینت
چ خۆشە ماچی کەم سەرتا بە پێ سینە و گریبانت
گەهێ دووچاوی مەخموورت گەهێ زوڵفی پەرێشانت
دەم ولێو و چەناگە و ڕوومەت و سەرسەنگ و مەمکانت
وەکوو ئاسک ئەگەر سڵ کەی بکەم گیانم بە قوربانت
شەوێکی وام ئەوێ بۆ تۆڵەیی شەوگاری جیاییمان
هەتاکوو تازەکەم دووبارە یادی ئاشناییمان