پیاوێ بە تووندی ڕۆژێک لە ناکاو

نەماوە تەمییز
لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  709 بینین
پیاوێ بە تووندی ڕۆژێک لە ناکاو
ڕایکردە ماڵێک زویر و پەشۆکاو
لەشی ئەلەرزی هۆشی نەمابوو
ڕەنگی ڕووخساری زەرد هەڵگەڕابوو
خاوەن ماڵ وتی بۆ چی شێواوی
براکەم بۆچ وا هەڵبزڕکاوی
جوابی دایەوە وتی ئەی برا
بە سوخرە ئەگرن کەر بە ئەمری شا
وتی: چاوەکەم تۆ کەر نیت پیاوی
عەیبە لام وایە تۆ خەڵەفاوی
وتی پێی بەخوا ئەی برای عەزیز
لەم زەمانەدا نەماوە تەمییز
ئەگەر بمگرن بڵێن تۆ کەری
کورتانم لێکەن هەرزە و سەرسەری
هەزار هاوار کەم بێ سوودە بەخوا
لەم وڵاتەدا فەرق و تەمییز کوا!