بەڕاستی خۆشە عاشق یاری شۆخ و میهرەبانی بێ

لە کتێبی:
دیوانی کەمالی
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 1 خولەک  1506 بینین
بەڕاستی خۆشە عاشق یاری شۆخ و میهرەبانی بێ
بەهاران فەسڵی گوڵ ناو باخ و گوڵزاری مەکانی بێ
سەری یاری وەفاداری لەسەر سەر سەنگ و ڕانی بێ
دڵی خۆش و سەری پڕ جۆش و ئیقبالی جوانی بێ
لە من داد و لە ئەو ناز و نیاز و عیشوەئارایی..
بکەم ڕاز و گلەی شەوگاری دووری ڕازی تەنهایی
شەوێکی مانگە شەو خۆشە بخوێنێ بولبولی شەیدا
لە ملمابێ دەسی دڵدار و شۆخی میهرەبانی وا
خۆشە عاشق لە دڵداری ببینێ کامی دڵ بە خوا
لەمە زیاتر نییە کەیف و سەفا و خۆشی لە دنیادا
من و ئەم ئارەزووی کەیفە بە ڕاستی شێت و مەجنوونم
ئومێدی سەیر ئەکەم بە خوا لە بەختی شوومی واژوونم