چ دەبێ گەر لە ڕەقیبم دڵم ئازاری ببێ

لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
 1 خولەک  644 بینین
چ دەبێ گەر لە ڕەقیبم دڵم ئازاری ببێ؟
هەر گوڵێ بولبولی بێ حوکمە دەبێ خاری ببێ
مانیعە بۆ گوزەری دڵ لە ڕوخت زوڵفی سیاهـ
گەنجی بێ هەر تەرەفێ شەرتە دەبێ ماری ببێ
زەحمەتە عوقدەیی خاتر بە ویساڵیش وا بێ
قۆرغەیی بۆسە دەکەی وا لەبی من باری ببێ
نایەڵێ لەززەتی وەسڵت لە دڵا جەوری ڕەقیب
شادمانی نییە بۆ ئەو کەسە ئەغیاری ببێ
لە ڕەهی کەشمەکەشا جانی هەمیشە هەدەرە
عاشقی بێدڵ ئەگەر دڵبەری عەییاری ببێ
بە شەوێ ڕەنگە بەڵەد بێ لە غەمی توولی فیراق
گەر تەبیبم وەکوو من دیدەیی بێداری ببێ
جان نیساری ڕەهی جانانەیە سالم بە ئەبەد
لەتی کا تیغی جەفا گەر دڵی ئینکاری ببێ