دەزانی ئاینەی دڵ کەی لە میعراجی جەلادا بوو

لە کتێبی:
دیوانی سالم
بەرهەمی:
سالم (1800-1866)
 1 خولەک  996 بینین
دەزانی ئاینەی دڵ کەی لە میعراجی جەلادا بوو؟
لە عەکسی ڕوویی تۆ وەختێ لە ئاغووشی لیقادا بوو
زمانی ڕەوغەنی وەسڵت چراغی عومری ڕۆشن کرد
بە سروەی بادی هیجرانت لە حاڵاتی فەنادا بوو
بە دەمتا ئیسمی من هات و دەبێ سککەی ئەبەد لێ دەم
دەمێنێ تا حەشر ناوم لەناو ئابی بەقادا بوو
کە ناوی موددەعیت هێنا بە لەبدا من لە خۆم بوردم
درێغا شەربەتی مەرگم لەناو ئەسڵی دەوادا بوو
لەناو زوڵفا بە زاری هاتە گوێم ناڵینی دڵ ئەمشەو
گەزیم ئەنگوشتی حەیرەت دیم لە کامی ئەژدەهادا بوو
بەدڵ باوەڕ مەکەن مەعشووقە هەرگیز تەرکی عاشق کا
نیهانی لوتفی دڵدارم لە هەنگامی جەفادا بوو
تەرەققی بوو بە وەسڵت دەردی عیشقی سالمناسناوی ئەدەبیی موشتاق
شکستی ئوستوخانی ئەو لەژێر سەر مۆمیادا بوو