نەوبەهاری باخی حوسنم مات و غەمگینم، مەڕۆ

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  1047 بینین
نەوبەهاری باخی حوسنم! مات و غەمگینم، مەڕۆ
بۆ نمای قەددی لەتیفت چاو پڕئەسرینم مەڕۆ
مەنبەعی عەیش و سەفای ساحیبدڵانی چاوەکەم
تەڵخە عەیشی ئێمە بێ تۆ، ڕۆحی شیرینم مەڕۆ
زیندەگانی، شادمانی، واسیتەی هەردوو ئەتۆی
مەمکوژە -قوربان- بە هیجرت قووەتی دینم! مەڕۆ
سەفحەیی دیدە بە خەتت و خاڵی تۆ ڕەنگین بووە
کۆڵەوارم سا مەکە ئەی -ئاسکی چینم! - مەڕۆ
من حەیاتی عارییەم تەسلیمی غەمزەی چاوتە
تاقەتی دووریم نەماوە - باعیسی ژینم! - مەڕۆ
نەشئەیی (زێوەرناسناوی ئەدەبی) بە پیاڵەی چاوی تۆوە باقییە
سا بە مەقسوودی ڕەقیبان -دیدە شاهینم! - مەڕۆ