ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم

لە کتێبی:
دیوانی زێوەر
بەرهەمی:
زێوەر (1875-1948)
 1 خولەک  911 بینین
ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم
لەو وەسفی دەمی بەستەیەتە بەستەزوبانم
بێزارم و بێ زاری شەوم نەبوە کە بڕوا
بێ تەلعەتی ئەو شەمسەیە تاریکە ژیانم
بۆ سەیری ڕوخی ئاتەشییەت! بوومە مەجووسی
لەم عەسرە منیش واریسی زەردەشتی زەمانم
چاوت کە گەلاوێژە سووها ڕەنگە گەلاوێژ
هەر دەربکەوێ لەرزە ئەخاتە دڵ و گیانم
تەسویری گوڵ و باخچە ئەکەن غەیری گوڵی ڕووت
حەیرانی غەڵەت کردنی ڕەسسامی جیهانم
ئەو ڕوویی فەرەحئاوەرە وەک فەجری بەهارە
من لەو ڕووەوە هەرچی بڵێم ڕووتە بەیانم
دوورن لە هونەر هەرچی هەیە ساحێبی دینار
مەمنوونی پەلی پینەچیی و شانی سەپانم