کە سەیری کورد ئەکەم وا تێ ئەگەم کوردێکی خنکاوە
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
2 خولەک
805 بینین
کە سەیری کورد ئەکەم وا تێ ئەگەم کوردێکی خنکاوە
بە دوو کەس کوشتوویانە و ناشتوویانە و خوێنی فەوتاوە
ئەگەر باوەر ئەکەن ئەی هۆزەکەم لای من بەبیری خۆم
لەپڕ دێتە دەرێ لەو گۆڕە ئێستەش گیانی تیا ماوە
دەسە و خەنجەر لەپڕ هەڵمەت دەهێنێ هەروەکو زیندوو
ڕووەو دوژمن ئەچێ غەدری لەمەوپێشی لەبەر چاوە
ئەگەر هۆشی لە سەردا بێ ئەزانێ دوژمنی کێیە
هەقی خۆی لێ بسێنێ وەک ئەوان کردیان لە دوو لاوە
دەسا کوردینە تا فرسەت لە دەستایە و نەکوژراون
لەگەڵ یەک یەک گرن دوژمن هەزاران داوی داناوە
گەهێ کوشتن گەهێ یەخسیر گەهێ هیجرەت گەهێ زنجیر
گەهێ سێدارەو و تۆپ و تفەنگی بۆت حەشار داوە
لە ئاگری داغەوە کوشتاری تۆیە تاکو لورستان
سەر و ماڵ و وڵاتت لای ئەم و ئەو بڵقی سەر ئاوە
ئەمە حاڵی وڵاتی کورد و کوردستانە شەو تا ڕۆژ
کەچی گەورە و بچووک کەمتەرخەمن بەم حاڵە شێواوە
وەرن ورد تا درشت هەروەک برا بین دەست لە دەستا بین
لە پێناوی یەکا سەر دابنێین هێزمان هەتا ماوە
وڵات ئاوا بکەین، پێشڕەو چرای عیلم و مەعاریف بێ
سەناییع فێر بین ئەوسا ئەڵێن کورد خاوەنی ناوە
هەتا ئێمە لە جەهلا بین عەدوومان هەر لە شەوننایە
مەعاریفمان ببێ دوژمن بەدەستی ئێمە کوژراوە