دەمت کە غونچەیە چاو نێرگس و ڕوخت لالە
پەیامێک بۆ یار
لە کتێبی:
دیوانی بەختیار زێوەر
بەرهەمی:
فایق زێوەر (1908-1952)
1 خولەک
877 بینین
دەمت کە غونچەیە چاو نێرگس و ڕوخت لالە
دڵێ کە عەشقی ڕوخی تۆی نەبێ کەڕولاڵە
زوبان لە وەسفی قەدت دائیما تەڕ و پاراو
سەرم لە عەشقی جەماڵت بەڕۆژ و شەو قاڵە
نەوەک دڵم بەخوا گیانە گیانی شیرنم
لە دەوری شەمی ڕوخت وەک پەپوولە عەوداڵە
ئەگەر بەچاوی حەقیقەت نەزەر بکەی لە لەشم
بەشوعلەیی ڕوخی تۆ خۆت ئەزانی زووخاڵە
خەیاڵی تۆ لە دڵی دام بەجارێ ئاگری گرت
دڵم سەبوورە، سەرم پڕ سوروورە بەم حاڵە
چ بێ وەفای و جەفات چەندە زۆرە ئەی نازدار
ئەوی کە عاشقی تۆ بێ زەلیل و پاماڵە
مەنازە بەم هەموو حوسنە وەفات ببێ چاکە
هەتاکو عاشقی خۆت ڕوو نەکاتە سەر ناڵە