یادێک
لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
1044 بینین
یادێ وەکو شووشەی شکاو
لە دڵما ئەجووڵێ نەرم
بریسکەی خوێنێکی ڕژاو
ئەدا بەگیان کسپەی گەرم
***
بەیانی بوو مناڵی ورد
لەسەر تەختی سنگێکی ڕووت
لێیان ئەنیشت ڕەنگی گۆگرد
کاتێ پەنجەی تاوان بزووت
***
گرمەی بۆمبا ژینی شێوان
سەمتووری پێکەنین شکا
لەگەڵ دەنگی شین و گریان
خوێنی ئارامی دڵ تکا
***
دیمەنی خوێناوی بەسام
دڵی مناڵانی داخ کرد
بە دەستی دوژمنی هیوام
گەلێ مناڵی ساوا مرد
***
ڕیز بن: سنگی ئێوە و تفەنگ
ملکەچ بن بۆ هێزی کوشتن
کوردینە بە ڕیز بەبێ دەنگ
وەرن بۆ بەردەمی مردن
***
یادێ وەکوو شیری ئاگر
ئەدا لە درەختی هەستم
یادێکی غەمگین و نەمر
چنگ ئەنێتە دڵی پەستم