چڵێک ئەرخەوان
لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
1083 بینین
وەک هەنگ ناوی دەمیم مژی
وتم: « ئاخ تۆ بڵێی بژی»
کۆرپەکەم پیایا هەڵزنا
پێی وت: «بابە لەگەڵ منا»
وەرە بۆ ناو ڕەزی چیا
گریا و دڵی منیش گریا
وتی: بابە ئەچی بۆ ڕاو
وتی: نەء بۆ چەمی خوێناو
چڵێکم دایە ئەرخەوان
وتم: بۆ یاد هاوڕێی ژیان
شەو بوو لە پەنا بەردێکا
دوژمن پەڕەی دڵی پێکا
ئەستێرەی وشەی کوردستان
هەڵهات لە ئاسۆی لێوی جوان
ئەو کاتەی چاوی لێک ئەنا
لەناو باوەشی مردنا
لەگەڵ یادی منا دوا
ئەرخەوانەکەی من ڕوا