شەوانی سلێمانی

ئەوانەی سەفەربەریان لە یادە ئەو کارەساتەیان دیوە
لە کتێبی:
ئاوات و ڕەنج
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  798 بینین
شەقامەکان و گەڵای زەرد
کووچە و هەزاران دڵی بەرد
لە کۆشی شەوێکا بوون مات
شادی ورتەی لێ نەئەهات
لە ژێر پۆستاڵا واڵای بووک
میزراحی کوڕی ئێسک سووک
پێشێل بوون لەگەڵ چاوی جوان
خونچەی ڕوومەتی مناڵان
بیگرن سنگی کف و نەرمە
لەش و لاری جوان و گەرمە
ڕاوەستە دەمت، ماچی دەم
با سەرسنگیشت ماچ بکەم
شیتاڵ دەریخست سنگی پان
تێی ڕژا تریفەی ئاسمان
دوژمنی ڕسوا و ترسنۆک
بۆ دیلی شەنگ هاتە سەر چۆک
دەمی گوشی شیری ئەتک
خۆی سوو لە ڕوومەتی ناسک
ژنە کوردی دیل بانگی کرد
«ئابڕووی دڕندەشتان برد»
ئێوە و گەورەکەشتان سووکن
پەروەردەی باوەشی ئەتکن
ئەمەی وت و خۆی ڕاتەکان
مێشکی خۆی بە بەردێک پژان
دوای تاوێک کوڕانی گەڕەک
تێکیان شکان دوژمن و چەک