کەشتیی ژیانم
نەبەزین مەشخەڵی تێکۆشانە
لە کتێبی:
ئاگر و ژیلە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
1 خولەک
865 بینین
کەشتیی ژیانم لە گەرداوایە
تۆوی گوڵاڵەم لە خوێناوایە
دەسی زامارمە سەوڵی ئەم گەشتە
گیانم ئاوارەی باغی بەهەشتە
کام بەهەشت! کام باخ، کام گوڵ و گوڵزار
«پێشێلی» سوارەی سوپای ستەمکار
گوڵ ئەوەرێتە ژێر سمی وڵاخ
گڕە،... بەر ئەبێ لە دەروونی باخ
چەمە لە پێچا ئەگری وەک مناڵ
ژیانە بەندی ناو زیندانی تاڵ
ئەی ترووسکەکەی ئاسۆکەی هیوام
مەگەر هەر تۆ بێی بگەیتە فریام
ئەی گۆڕستانی شەهیدانی «سوور»
با هەڵسێ، هەڵسێ لەسەر سنگت نوور
مەگەر ئەو نوورە بێ بە چراخان
ڕووناک کاتەوە شەقامی ژیان