شەپۆلی زێڕ

لە کتێبی:
ئاگر و ژیلە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 2 خولەک  1081 بینین
ئەوانەی خۆیان ئەفرۆشن بە زێڕ دڵیان لە زێڕ سارد و سڕترە جوانییان وەک جوانیی پەیکەری مەڕمەڕی بێگانە.
چیای ڕەنگین....
داوێنی کەز، نێرگس و گول
گزنگ لەناو کۆشی چەما ئارامی گرت
ئاسمانی شین....
ئەستێرەی زیویی ڕووی سڕی
شەوبۆیەکی خنجیلانە
لە سێبەرا
پێکەنی سەری هەڵبڕی
بۆ تیشکی خۆری گەرم و گوڕ
دڵۆپی قەڵبەزی وەک چوڕ
چاوی هوزار
شنەی شەماڵ، سروەی نازدار
چەمی بزێو
***
هوزاری چەم
فڕی فڕی تا هەور و تەم
خۆر لەناو پەلی درەختا
وەک بگەڕێ بە دوای بەختا
سەرەتاتکێی ئەکرد لە گوڵ
کەوتە شنە شن پۆپی چڵ
بەردی کەنار خۆیان ئەشت
ئاوی خۆڕ مرواری ئەڕشت
شەونم لە «خۆر ماچ کردنا»
زەرد هەڵگەڕا:
لە چیمەنا پۆڕی نەرمین
بە لەنجە و لار، ڕەوتی شیرین
چیای ڕەنگین
پەڕەی گوڵاڵەی ناسکۆڵە
شەماڵ هێنابووی لەو دۆڵە
تاڵ تاڵی گوڵی تەڕی خاو
گەڵای پاراو
خونچەی تەڕ بە شەونم و ئاو
دایانپۆشیبووم وەک پەری
چرۆ لە جێی خۆی ئەوەری
چاوم لێکنابوو گوڵی سوور
لە دەورم فەرشی بێسنوور
پەنجەی هێنا
کچێکی جوان
نەرم و نیان
پێڵوومی جووڵان بە نەرمی
سەرنجی دامێ بە گەرمی
وتی گیانە
وتم: ئەی فریشتەی جوانی
«مژدەی خۆشی و کامەرانی»
باڵی ئاڵان لە گەردنم
گەردنی...! ئاڵ وەکوو هەتاو!
پرچی زەردێکی نەرم و خاو
چاوی کانیی هەستی شیرین
پرشنگی وەک ئەستێرەی شین
وتم خۆشم ئەوێی بە دڵ
وەکوو شەماڵ بۆ پەڕەی گوڵ
وتی: کوا بەرگی ڕەنگاوڕەنگ
_: «منی هەژار بەرگم شیتاڵ»
وتی: ئەی گۆرانی و ئاهەنگ
وتم: کسپەی دڵ و دەروون
_: کوانێ ئاڵتوون؟
وتم نیمە.!
_: کوا کۆشکی بەرز و کوا تەلار؟
وتم: کۆشکم وا لەوێوە من هەژار
پەنجەم درێژ کرد بۆ چەمێک
کوختێکی تاریک و نووتەک
زریکانی و ڕووی وەرگێڕا
ئەو جامە ئەشکەی داینابوو
پیاما ماڵی «قڵپ» ڕژا
خۆی هاویشتە شەپۆلەوە
«شەپۆلی زێڕ»
دڵی کرد بە قوربانی ئەو
لە بیرم چووەوە بوو بە خەو