بە یادی تۆ دەژی دڵم

یادی پێنجەمین ساڵی کۆچی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  1 بینین
بارزانی باوکی شیرینم
ڕۆژی تیشکدەری ژینم
ماوێکە دەڵێن پێنج ساڵە
کە لام هەزار ساڵی تاڵە
دەنگی هەژار لاوێنەوەت
دیمەنی خەم تاوێنەوەت
نایێتە بەر گوێی بێخێرم
نایێتە بەر چاوی کوێرم
تۆ نەناسانی سادەدڵ
دەڵێن بوویتە ئاوێتەی گڵ
دەڵێن نەماو نابێتەوە
تۆش لەبیرت بچێتەوە
هەرگیز ئەم دڵە کڵۆڵەم
پەلکە گیای بەر سەرماوسۆڵەم
بەو قسانە بڕوای نایە
لای بایە بادی هەوایە
ئەوانە گیان و دڵکۆرن
دڵ کۆران لە دنیا زۆرن
با دڵ ڕوونان و دوڕناسان
ئەمکزانان و مێرخاسان
ئەوانەی ژیر و چازانن
بە چاوی دڵیان بڕوانن
دەزانن ئەتۆ هەر ماوی
نافەوتێی و نەفەوتاوی
تۆی نموونەی مەردایەتی
تۆی دروشمی کوردایەتی
وەڕەز بووی لە پێ نەزانان
لە دڵ پووچەڵ و دووزمانان
ڕەوات نەدی ژین لەسەر گڵ
ماڵت گوێزتەوە بۆ ناو دڵ
بۆ ناو دڵی هەرچی مەردە
هەر کەسێ پاک و بێگەردە
تەنانەت دڵی هەژاریش
ساردە کوانووی ڕەنج خەساریش
ئەو دڵە تەنگ و بێپۆیە
شوێنی هەمیشەییی تۆیە
بە یادی تۆ دەژی دڵم
دڵەی سەرشێت و سەرچڵم
هەرچەن تەنگە ماڵی تۆیە
پەپوولەی شەماڵی تۆیە
تا چیای بەرزی لێ دیارە
تا گوێی لە خوڕەی ڕووبارە
هیممەتی لە دنیا تاکت
دڵی پاکت، ناوی چاکت
ئاشکرا دێنە بەرچاوی
چۆن باوەڕ بکا نەماوی
تۆ هەر دەمێنی، هەر ماوی
هەڵکەوتەکەی خاوەن ناوی
بۆ من هەر کاکی جارانی
هەر هومێدی هەژارانی