نموونەی هونەر

یادی چوارەمین ساڵی کۆچی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  666 بینین
لە پەڕاوی کۆن ڕامێنین
مێژووی هونەران وەخوێنین
زۆر شت، زۆر کەس، لە زۆر دەران
بوونە نموونەی هونەران
نووسراوە فڵان ئازا بوو
نەدەترسا وەک شێر وابوو
وێنەی ڕۆستەمی زەمان بوو
زاڵ بوو، سامی نەریمانکەس بوو
پتەو بوو وەک چیای قەندیل
بە وەفا بوو وەک سمۆییل
بۆ بەخشش و دەست و کەرەم
ببووە ڕکەبەری حەتەم
بۆ زانای بەمشوور و دوڕناس
نموونەیە هەیاسی خاس
بۆ کاری خەڵک و خواپەسەند
نموونە هەن زۆر و زەوەند
هەرماون و هەر خاوەن ناو بوون
بەڵام دوور و لێک بڵاوبوون
ئیرادە وا هات لە خوداوە
خڕ ئەو نموونە بڵاوە
لە کوردێکدا کۆکاتەوە
سەر لەنوێ سەر هەڵداتەوە
***
لە مستەفا بارزانیکەسدا
هەرچی چاک بوو نیشانی دا
بەسەر هەڵدانی ئەم ناوە
پەڕێ تازە هەڵدریاوە
هەر کەسێ بارزانیی دیوە
ماوەیەک دەگەڵیا ژیوە
گشت ئەو نموونانەی دیون
سەرچاوەکانی ناسیون
سەد کتێبی بۆ وەخوێنێ
لەهەر بابەتێ بیدوێنێ
لە ناودار بە ئازایەتی
سەربڵندی، مەردایەتی
گیانبەخش لە ڕێی ئازادی
ئاگر لە گیانی بێدادی
وەفا، شەرەف، خواپەرستی
وەتەن و گەل خۆشەویستی
هەڵکەوتوویی بۆ سەروەری
بەزەیی، هەژارپەروەری
بێوێنەیی لە زەماندا
تاکە سوار لە مەیداندا
لێی پرسە چەندیان دەزانی
دەڵێ گشیان وەک بارزانی
***
بە هەموو هێز وەخۆ کەوە
هەموو هونەران کۆ کەوە
لێکی دە، پوخت دایبێژە
بیخە قاڵب و دایڕێژە
کەسێکی لێ بەرهەم بێنە
لەبەر چاوانی ڕانوێنە
بۆ بەجەوهەری و مێرانی
هەرگیز ناگاتە بارزانی