ڕێبەری نەمر

یادی سێیەمین ساڵی کۆچی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  815 بینین
هەرچی لە ئاخێ ڕسکاوە
مەرگیشی بۆ داندراوە
مرۆ دێتە سەر زەمینێ
خۆشی ناخۆشیان دەبینێ
هەیە ژیوە و هەڵوەریوە
هاوساشی پێی نەزانیوە
هەیشە بەرز دەبێتەوە
ناوبانگی دەتەنێتەوە
حوکمی سەرزەمین دادەگرێ
هەر هێندە زلە تا دەمرێ
جەلال و گەورەیی و شکۆی
بەر پێوار دەبن لەگەڵ خۆی
زەمان ناوی دەسڕێتەوە
لە یادی یاد دەچێتەوە
***
ئەوی مەرگ پێی ناوێرێ
ناچارە خۆی لێ ببوێرێ
هونەرە، مەردایەتییە
بەخشینە، ئازایەتییە
بەزەیە بە هەژاراندا
وەفایە دەگەڵ یاراندا
دژ وەستانە لە بێدادی
هەوڵدانە بۆ ئازادی
بۆ هەق ڕوو بە مردن چوونە
بۆ زاڵم سەرکز نەبوونە
خێوی هەریەک لەو خدانە
نێوی بە دوور لە نەمانە
هەتا کۆن بێ گەشتر دەبێ
لە ژین خاوەن بەشتر دەبێ
چ جای کە گش لای یەکێ بێ
دەبێ ئەو هەرژیوە کێ بێ
***
دروود بۆ ناوت بارزانیکەس
هەر خۆت خودانی هەمووانی
بۆ مەردایەتی تات نەبووە
لە بەخشیندا ئامپات نەبووە
بۆ هونەری نەیار کوشتن
بۆ خوێنی داگیرکەر ڕشتن
لە هەنگامەی مەیدانداری
ئێستاش هەر خۆت شۆڕەسواری
بۆ بەزە و هەژار پەروەری
تا ئەبەد هەر خۆت ڕێبەری
وات پەیمان دەبردە سەرێ
وەفا کڕنووشت بۆ بەرێ
دەی سا چۆن ئەو گیانە دەمرێ
چۆن مردن خۆی لەبەر دەگرێ
***
بارزانی هەر هەی وەکوو بووی
هەر دەشمێنیت و نەمردووی
گەلت بە یادی تۆ سازە
بەناوی تۆ سەرفیرازە
زۆر سەدە دێن و ڕادەبرن
مەردان دەرست لێ وەردەگرن
هەتا سەر زەوی زەوینە
هەتا ڕۆژ بەتیشک و تینە
ساڵ بە ساڵ یادت نووترە
قەدر و ڕێزت لە ڕووترە
بیرەوەریت میسکی خاوە
بۆن و بەرامەی بڵاوە
تاوەیسوون بۆنی بۆشترە
دەم لە دەم بۆنی خوشترە