ڕۆژی کورد

یادی دووەمین ساڵی کۆچی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  724 بینین
لە ڕۆژگارانی تازە و زوو
بە شایەتی دانی مێژوو
لە عاسمانی کوردەواری
لە گۆشەی ئاسۆی خوێنباری
زۆر ئەستێرە درەوشاون
دڵمان بەیادیان نەخشاون
قارەمانانی گەلپەرست
چاو نەترسانی گیان لەمست
دژی لاساری خوێنمژ بوون
دۆست لاوێن، داگیرکەر کوژ بوون
ترسێنەری بێگانە بوون
تاکە سوارەی زەمانە بوون
ئاڵای ئازادی لەسەر شان
بێ وچان بۆمان تێ کۆشان
لەدەردی گەل بوونە دەرمان
ئەمەکیان زۆرە لەسەرمان
با لەبەر چاویش نەمابن
لەچاوی دڵ نەدیو نابن
بۆ ئێمە جێگەی شانازین
مامۆستای ئازادیخوازین
یادگاری زۆر بەمایەن
بۆ مانی کوردستان پایەن
فریشتەی بەختن لەسەرمان
هەر وان لە هەواری هەرمان
***
لەناو کۆی ئەو ئەستێرانە
لەناو جەرگەی ئەو شێرانە
ڕووناکتر و گەشەدارتر
هەڵکەوتە و ئازا و بەکارتر
لەم سەدەیەدا دیاری دا
تیشکی لە کوردەواریی دا
لە ئاسۆی بارزان دەرکەوت
لە عاسمانی کورد سەرکەوت
گەلاوێژ و کاروانکوژە
لە حاند ئەو دەورەیان مژە
کاکە مستەفا بارزانی
بە گەڕناسی و بەمێرانی
لە شەوی کورد خۆرەتاوە
هێزی هەناو، سۆمای چاوە
چاوی دڵی کردینەوە
ترسی لەبیر بردینەوە
ئەو شۆڕشگێڕە بێ وێنە
ئەو دۆستە دوژمن شکێنە
پەڕاندی لەمپەر و پەرژین
خستینیە سەر شەقامی ژین
بۆ هەژاران خۆی بەخت کرد
ڕێگەی خەباتی تەخت کرد
بە نەبەزی و بە کردەوە
لە دنیا گرۆی بردەوە
لەناو گش کۆمەڵ و چیندا
لەسەرانسەری زەمیندا
لەسایەی ئەو خەباتەوە
ناوی کورد دەنگ ئەداتەوە
تا هەستی ئازادیخوازی
تا خۆبەخشین و گیانبازی
تا نەترسان و بوێری
تا مەردایەتی و جوامێری
لە دنیادا قەدریان مابێ
ناوی بارزانی ون نابێ