هەر شەو نابێ

یادی ساڵێک لە کۆچی ڕواڵەتیی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  820 بینین
سەر لە ئێوارەیەک درەنگانێک
تاریکان تەنگی نوێژی شێوانێک
کوندە بوومێک لە کاولەکی وێران
گازی کردە گرۆی بەڕۆژ کوێران
دەرکەون موژدە وا ڕۆژ ئاوا بوو
تیشکی خۆر وەک چوقڵ لە چاوا بوو
ببووە وەیشوومە ڕۆژی ڕوون بۆمان
شەوی ڕەش خۆشە خۆشی بۆ خۆمان
***
چەکچەکی و جرج و کرمی فۆسفۆری
هاتنە دەر بۆ گەڕ و هەوا خۆری
گەرمە بازاڕی لاف و شات و شووت
دادەپۆشێ ڕەشاییی شەو لەشی ڕووت
یەک دەڵێ ڕۆژ لەبەر من ئاوابوو
ئەوی تر بۆی لەمل دەدەن وابوو
ئەم بەدەم سوورە ئەو بەزار زەردە
تا کش و ماتە شەو هەمووی مەردە
***
شنە با خونچەیەکی ڕادەژەنێ
دەمی خونچەی خەواڵوو پێ دەکەنێ
پێکەنینی بەزە بە ئاوەزیان
بە پەلی و کەمبەریی ڕبە و گەزیان
ئەو دەزانێ کە تیشک و تینی هەتاو
لە برەو ناکەوێ بەچاوو ڕاو
***
کاکە بارزانی، تۆش وەکوو تاوی
چوویە پێوار، بەڵام نەفەوتاوی
ڕەنجێ تۆ دات لەڕێی هەژاراندا
مەرد و ڕەندیت لە کۆڕ و مەیداندا
نەعرەتەت گیانی دوژمنانی دەبرد
لە تۆ تۆقیبوو چاوی دوژمنی کورد
زۆر لە داگیرکەرانی کوردستان
بە دەستی تۆ نرانە گۆڕستان
کێیە؟ تاجیکە ترکی تۆڕە، عەرەو
گێلە جاشە، تەعالە، گێتە، برەو
ناوی تۆی بیستبێ و نەترسابێ
یان هەناو و زراوی پێ مابێ
لە هەموو کۆ و کەژی وڵاتەکەمان
لێڕو بێ دارو زورک، دەشت و چەمان
خوێنی بەدکاری کوردی لێ ڕژاوە
مۆری ئازایەتیتە لێت داوە
با هەتا وا شەوە فسۆس و چەقەڵ
کلکیان تۆز بکا و بکەن گەنگەڵ
با مشک سەر هەڵێنێ بێژێ من
زۆری پێ ناچێ دەچنەوە ناو کون
مێژوو وەک پیرەمامی تۆچێنە
بەپشوو، کاوەخۆ ڕەنێو هێنە
ساڵ و مانگ گێژەوێ دەکا و تەتەڵە
ساف دەهێڵێت و تۆڕ دەدا دەغەڵە
دان بژێری هەچەن لەسەرخۆیە
بێ شک و سۆیە لاگری تۆیە
تۆ لە عاسمانی پیاوەتی خۆری
هەموو ئازا کەمن ئەتۆ زۆری
تیشکی تۆ هەر بینا سەری داوە
ناوی تۆ تا هەتایە هەر ماوە