تا کەی؟

بۆ بیرەوەریی شەهیدبوونی «کامران نجات اللهی» نووسراوە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  799 بینین
گەلی کورد لەوەتا هەیە
ئەم لەوەتایەش تا کەیە؟
هەرگیز بەختی نەیهێناوە
هەر ژێردەسە و دیل ژیاوە
ئازادی بە چاو نەدیوە
قەت خۆی بە شت نەزانیوە
هەر چی کردی، بۆنامۆی کرد
لە ڕای بێگانە ژیا و مرد
***
چاردە چەرخە لە سۆنگەی دین
نازانین بەرەو کوێ دەچین
کۆیلەی پێخواسی پەت وەسەر
بێ دەرەتان، کز و لەچەر
بەندەی کڵاوسوور و ڕەشین
بەخت ڕەش و مل بە هەشین
ئاغامان دەگژ یەک ڕاچن
خۆ بەخۆش یەکتر داپاچن
ئێمەین لە خوێندا شەڵاڵین
لەش حەرام و خوێن حەڵاڵین
بۆ خۆ بەکوژدان یەکەمین
بۆ ژیان تا خوا حەزکا کەمین
***
بووموسلیمی خوراسانی
دنیا دەگرێ، بە هاسانی
دەیدا بە بەچکە هەباسان
ڕەوەدەی ئەمەگ نەناسان
نامەرد چاکەی ئەدەنەوە
نۆکەر بە سەر ئەکەنەوە
بە گزی ئەیکوژن، ئەمجارە
ئێژن بەچکە کورد غەددارە
سەلیبی لە بەر من ڕەوی
من هیندم گرت بۆ غەزنەوی
هەزار و ئەوەندە ساڵە
گۆپاڵێکم لەو بەر پاڵە
پاسداری مەرزی ئێرانم
خوێن ئەدەم، ئەبەخشم گیانم
بۆ شەڕی ئەفغان پێشەنگم
لە ڕوی عوسمانی ئەجەنگم
***
تا هەرا و خۆ بەکوشت دانە
کورد چاوی ڕاستی ئێرانە
بەڵام هەر شەڕ داکوژاوە
وەژێر پا ئەدرێ ئەم چاوە
کوشتەم وەپووش حەساو ئەکەن
ماوەکەش تەنگەتاو ئەکەن
ناوی «مەرزداری غەیوور»
ئەگۆڕێ بە «وەسڵەی ناجوور»
ناشێ وەزمانی خۆم بدوێم
گەرەک لە پێست خۆما بپوێم
ناکرێ داوای نان و ئاو کەم
نابێ پیاوەتی ڕەچاو کەم
برسی و ڕووت بم، گەڕبم، کوێربم
دەبێ شوکرانە بژێر بم
هەر بێژم کورد کوانێ هەقی!
پێم ئێژن کافری موتڵەقی
دەرگای بەزەیی دادەخرێ
حەشاماتم لێ دەنگ ئەدرێ
مناڵ و مەزنم دەمرێنن
وە ناهەق خوێنم ئەڕژێنن
***
هیچ دوور نەڕۆین، تازە، تازە
ئەم کوردە سەر پردەبازە
لە ڕووی ملهوڕی ستەمگەر
سینگی ڕووتی کردە سپەر
لە کوردستان لە موکریان
سەدان لاو بەر گوللە دریان
خوێنی کوردی چاو نەترساو
بووبە ئامیانی ئینقلاو
کوشتەم دا لە هەموو شاران
تەنانەت لە شاری تاران
پێشەنگی خۆبەخت کردن
هیچ سڵ نەکردوو لە مردن
دڵ تینووی ئازادیخواهی
«کامران نجات اللهیکەس»
کوردێک بوو مامۆستا و زانا
ئازایەتی کوردی ڕانا
بوو بە سەرمەشقی ئازادان
هەموو ئازای دەرس دادان
لەو فێر بوون خۆبەخت کردن
ڕێگەی دژوار تەخت کردن
کەچی هێشتا خوێنی کوردان
لە سەر هەردان، لە بن بەردان
سوورایی کاڵ نەبۆتەوە
کردەیان لەبیر چۆتەوە
ئەوەی خۆمان بۆ دا بە کوشت
خوێنی دوژمنانمان بۆ ڕشت
وەک نەبای دیبێ و نە بۆران
داویەتە شوێنی گەلخۆران
لە بەشمان چاو دەنوقێنێ
گەرەکیە لە بنەمان بێنێ
خۆڕی و تۆڕی دنە داوە
بە چەخماغ و بە تێڵاوە
ڕژانە ناو کوردەواری
دادەپاچن گوندی و شاری
ئۆباڵ وەبۆق مل گای بنە
قەڵتوبڕ ئەخەنە سنە
لە نەغەدە، لەمەریوان
هەروا زیاد ئەکەن هەتیوان
هەروا قۆشەنە و دەبزوێ
گش کەس دەزانێ بەرەو کوێ
بەرەو زێدی کورد و گۆران
بۆ وێزەی کرمانج و سۆران
***
ئێژم چ بوە؟ چی قەوماوە؟
دێر هاتووم؟ کەمم هێناوە؟
من خوێنم لەڕێی ئێوە ڕشت
لەگەڵ ئێوە تاغووتیم کوشت
کر چییە لەم تێوەدانە؟
چۆن سزای ماچ پێوەدانە؟
چیم کردوە؟ گوناهم؟ سوچم؟
بۆچ لاتان بێ نرت و پووچم؟
ئێژن: وس… هەر کوردی بەستە
ڕەزات تاڵە، خوێنت خەستە
تۆ داوای گۆشت بۆ لەڕ ئەکەی
لەگەڵ خودادا شەڕ ئەکەی؟
***
ئەی خوایە چەند چارەڕەشین!
چۆن لە هەموو ماف بێبەشین!
کەی لەگەڵ تۆدا جەنگاوین!
فریاکەوە، زۆر تەنگاوین
لابە ئەم زۆریە زۆرەیە
خۆت فەرمووت «هەل بەنۆرەیە»
سواوم هێندەی نۆبەداربم
تاکەی بێکەس و هەژار بم؟