بە یادی بارزانی

یادی شەشەم ساڵی کۆچی بارزانی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 4 خولەک  734 بینین
جاروبارە لێرە لەوێ
چپێکم بەر گوێ دەکەوێ
هەناسە سارد دڵ بە ئێشن
ماتن ئاخان هەڵدەکێشن
حەیفێ بارزانی نەماوە
بێ میراوە ئەم دەراوە
من بەزەییم دێ بەوانە
ئەو چاوی دڵ بە خەوانە
کەسێک بارزانیی دیبێ
یان دوور بە دووری ناسیبێ
دیتنیشی نەویستبێ
هەر کردەی ئەوی بیستبێ
چۆن بیری وا بێ فەڕ دەکا
چ دڵدارێک باوەڕ دەکا!
***
هەژارێک بووم سەد جار مردوو
وەک قانگەڵاشکی بابردوو
زریان لەسەر ڕێی لا دەدام
شەماڵ سندەی پێدا دەدام
گێژەڵووکە دەیسووڕاندم
بۆ ڕەشەبای دەڕەتاندم
سووکتر بووم لە پرزە کایەک
نە پەسیوێک، نە پەنایەک
هەر هێندە بوو دەبزووتمەوە
خۆڵەمێش بووم دەشسووتمەوە
جاڕس لە ژین بێ تاو و تین
وشکی دڵ پڕ شەپۆڕ و شین
لە سۆڵەی کڵۆڵی چڕژاو
لە تینی نەگبەتی برژاو
فێنکاییم لە دنیا قاتی
چیم زۆر بوو بەڵاو نەهاتی
نە مڕۆ، نە جانەوەر بووم
هەژگەلێکی خاکەسەر بووم
پشتم جدەو لە بێگارا
بێگار بە هەر چوار کەنارا
یەخسیری چەند توخم و جۆران
چەند ڕەگەز لە خاوەن زۆران
یەکی سپی یەک زەردە یەک ڕەشە
جنێوفرۆش بە هەڕەشە
نرکەت نەیە ئاغات ترکە
چرکە مەکە عارەب سرکە
کوێخای سەر بێگار تاجیکە
سەرشۆڕ بەو چی دەڵێن بیکە
شەو مەیە دەر دەتڕفێنن
گوریسیان هەس دەتخنکێنن
***
لە مەودای زۆر ساڵانمدا
لە دەرگای زۆر ماڵانم دا
مەردێک نەبوو سەر دەرێنێ
بەخێسە بێ تێم ڕامێنێ
تفیشیان پێدا نەدەدام
دوژمنم بوون ئۆقرە و هەدام
هەڵوەدا، شێواو، سەرگەردان
ئاوارەی سەر هەرد و بەردان
بێ هێز، سیس و زەرد هەڵگەڕاو
زەبوون و توانا لانەماو
نا هومێد بەرەو هیچ دەچووم
بۆ خۆم پیادە سوار بوو پشووم
***
گاوێک نازانم چۆن گاوێک
هاتە بەرم کانی و ئاوێک
لەسەر کانی شەنگەدارێک
جێ سانەوەی گشت هەژارێک
بڵێم چۆن بوو سەرچاوەکەی
چۆن بدەم پەسنی ئاوەکەی
سەد جار شیرنتر لە گیانم
ڕوونتر لە فرمێسکەکانم
ئاوی حەیاتی گۆرین بوو
کە لە خدر بە پەرژین بوو
***
خۆم گەیاندە بەر سێبەرێ
دنیا ئێرەییم پێ بەرێ
نەک هەر من بەسەت هەزاران
لە تازە لاوی هەژاران
لە پیری یەخسیری خەم چێژ
لە دایک زارۆی مەمک مێژ
هەموو کوردێکی دڵ برین
بێکەس و هەژار، جگەرخوین
بە ملیۆن گیان و دڵ توونی
بە کزی و کەساسی و زەبوونی
گەلە دیلی لە ژمار بەدەر
دڵ پڕ کەسەر بێ سەروبەر
لە چنگ خوێنمژان ڕاکردوو
بەغیلیان دەبرد بە مردوو
لاکە لاک تین داتەکاو بوون
بەرەو ئاوێک چاوە چاو بوون
وێڕای من گەینە سەر دەراو
بەر سێبەری فێنک و هەراو
خوڕەی ئاو هاشەی گەڵای دار
هەتوان بوو لە گیانی زامار
لەو ژێر سایە حەساینەوە
دەستەو لەحاز بووژاینەوە
لەبیر چوو یەخسیری و نەبوون
هاتینەوە سەر دونیای ڕوون
پاش مردن زیندوو بووینەوە
بەرەو ژین تێ هەڵچووینەوە
ئەو سایە چەورە لە سەرمان
بوو بە گەورەتر ڕێبەرمان
بە هێزو گوڕ ڕایپەڕاندین
کوردخۆرانی پێ بەزاندین
بووینە نموونەی ئازایی
بووینە لەشکری خودایی
ئەو شەنگە دارەی سەرچاوە
مستەفا بارزانیی ناوە
بەڵێ مستەفا بارزانیکەس
هەموو کوردێک بە قوربانی
***
بیست ملیۆن پتر گەلی کورد
بێ هەست و خوست زۆر ساڵان مرد
بارزانی گیانی ژیاندەوە
لە گورگانی ئەستاندەوە
گوێ هەڵخەن لە هەموو لایە
هەر قرمە و زرمە و هەرایە
تەقەی تفەنگی هەر کوردێک
بۆ ئازادی لەهەر هەردێک
بە ئاشکرا، بە ڕەوانی
دەڵێ بە یادی بارزانی
بارزانی سەرەتای دانا
هەر ئەوە هاوار و هانا
خاوەن زۆران و کوردخۆران
کەوتوونە بەر لێزمە و بۆران
ئاوات بە زیندوو بوونەوە
ڕاپەڕین، تێ هەڵچوونەوە
لە بارزانییەوە بوو بە باو
لە بارزانییەوە بووینە پیاو
دەمی ئەو کوردی ژیاندەوە
زامی سەختی برژاندەوە
***
کەسێ خۆی سەرچاوەی ژین بێ
بۆ دڵساردان هێز و تین بێ
چۆن باوەڕ دەکەن مردووە
نەخێر بارزانی زیندووە
زۆر زیندووتر لە پێشووە
یادی بۆ کوردان تێشووە
تا وشەی ئازادیخوازی
تا لە ڕێی وڵات گیانبازی
بمێنێ کە هەر دەشمێنێ
بارزانی نوشست ناهێنێ
دنیا بمرێ ئەو نامرێ
مردن پێشی ئەو ناگرێ
کاکە مستەفا بارزانی
تۆ بۆ کوردان گیانی، ژیانی
هەر بژی وەکوو، هەر ژیاوی
هەر بمێنی وەک هەر ماوی