ژوانێک
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
838 بینین
یارە جوانەکەم گوڵەی شۆخ و شەنگ
خونچیلانەکەم دڵگوشای دەم تەنگ
سەر کوڵمی گەشت برەوبەری گوڵ
خوا داویە بەشت گشت نیازی دڵ
بە قژی زێرینت بە لێوی ئاڵت
بە چاوی شینت بە دانەی خاڵت
زەرد و بێ تینم شەتڵی خوێناوم
خەریکی شینم تانە لە چاوم
زانیت دەمردم بەو بەژنی باریک
ڕزگارت کردم لە ژیانی تاریک
ئەمشەو وەدیارە قەدری دڵانە
جەنگەی بەهارە مانگی گوڵانە
چاو جوان دەمێکە ئەوینداری تۆم
زامم گەلێکە برینداری تۆم
منێکی بێ هەل هەژاری کڵۆڵ
پیر و ددان کەل وەک داری کرمۆڵ
کز و بیمارم خەمبار و سەرشۆڕ
وا لەسەر بارم بۆ گۆڕ چاوەنۆڕ
کەی بیرم دەبرد جوانێکی وەک تۆ
سەد لاو بۆت دەمرد گیانێکی وەک تۆ
تۆی شلک و ناسک، تۆی وا نەرم و نۆل
تۆی سڵ وەک ئاسک تۆی وا خڕ و خۆڵ
وەک تۆ نازدارێک ئەویش وا بەشەو
هامێزم جارێک بکا بە جێ خەو
لەو تاریکایە بەو شەوە خۆشە
هەتا هەتایە دڵ بۆی پەرۆشە!
بە سیلە چاوێک زیندوو بوومەوە
وەک تازە لاوێک تێ هەڵچوومەوە
ئەمە تۆی ئەمشۆ لەناو باوەشم
دیتم لە ئاسۆ ئەستێرەی گەشم
ئەو سینەی نەرمت لە دڵ چەسپاندم
تارمایی شەرمت لە ڕوو تاراندم
دەخشێن لە لێوت لێوی بە بارم
لە کوڵمی سێوت گۆنەی نزارم
لە باغی ساوای پاوانی سینە
پەنجەم سەرگەرمی لیمۆ کوشینە
ئۆخەی وا دیسان خۆشیم دی شەوێک
ئەویش بۆ ژیان لێم بوو بە خەوێک
هەتا بۆ ژێر گڵ گلار بوونەوەم
ناخوازم بە دڵ بێدار بوونەوەم