لێفەشڕە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  937 بینین
لە گۆڤاری هەڵاڵەدا چاپ کراوە:
من و نینۆکم لەشکرمان گردە
لەگەڵ کێچانمان هەر دەست و بردە
هەموو شەو تا ڕۆژ پارێزێ دێنن
دزی شمەک نین، دوژمنی خوێنن
تا بەری بەیان شەڕ و هەڵڵایە
هەر کێچە و بۆمن دەس بە تێڵایە
شەوانە کاری سەد هەزار نییە
کە ڕۆژ ڕووناک بوو یەکێ دیار نییە
ڕۆژ، تا دەریان کەم تەئمین بێ ژینم
هەرچی دەگەڕێم یەکێ نابینم!
لێفە شڕێکمان هەیە پواوە
بە سەر ئادەم و حەواش دادراوە
بەری لۆکەیە و پشتی ڕیتاڵە
هێند کۆنە،عاسمان پێی دەڵێ خاڵە
جارجار کە هەستی سەرمایەم دەکرد
بە ناعیلاجی پەنام پێ دەبرد
مەمنا مام لێفە سەر بەگێچەڵە
لەسەر ئەودایە هەرچی گۆنگەڵە
ئەو هەموو کێچە لەوی هاڵاوە
ئەو هەرایە ئەو بنیاتی ناوە
تومەز خەریکە ڕیشەم دەرێنێ
بۆ ڕەحەتی خۆی من بفەوتێنێ
هەتاکو بەڕۆژ بە حوکمی قانوون
بۆم مەحکووم نەبن پاکی ون کردوون
شەو پێیان دەکا ئەو کارەساتە
بە ڕۆژیش جێگای ئیستیحکاماتە
ڕۆژێ دادەنرێ لەسەر هەرزاڵێ
خۆی لێ کردوومە کەیخودای ماڵێ
زۆر حەق بەجانب بەشەرم و عوزم
ئەگەر فڕێی دەم بێگانە و خزم
دەڵێن ناحەقتە، شەروور و جەردەی
خودا چۆن دەرچم لەو بگرەوبەردەی!
من لێفەشڕەی خۆمە دەیناسم
بە شەو بردوویە خەوو حەواسم
بە ڕۆژ نەتوانم فڕێی دەمە دەر
ئەی منی هەژار کام خۆڵ کەمە سەر
بازیچەی دەستی سیاسەت منم
دۆستم دڵ بەخەم، شادن دوژمنم
ئەی شورای میلەل ئەگەر ڕاست دەکەن
لەزوڵم و زۆری بازخواست دەکەن
شەرعی من دەگەڵ لێفەشڕ بکەن
ئەو بسووتێنن با کێچ قڕ بکەن