غەزەل

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  1135 بینین
ئەرێ ئەی کیژە کوردەی چاو کەژاڵە
ئەرێ ئەی شۆت و شەنگەی چاردەساڵە
ئەتۆ خۆت کورد و خوێنی لاوی کوردان
بە تورکی چاوی مەستت کرد حەواڵە
بە خوێنی مەی دەدەی ئاوی مژۆڵت
بژانگت بۆچی سەرنێزەی کەماڵە؟
ڕنووی سەر «ئاگری »ن لاجانگ و کوڵمت
لە خوێنی نۆجواناندا شەڵاڵە
بڵێی ئێران و عارەب بێ دڵی تۆ!
کە لێی تەئسیرێ ناکا ئاهوناڵە!
مەگەر چاڵی چەنەت زیندانی قەسرە
کە ڕزگار بوونی ئێمەی لێ محاڵە!
تەنافی زوڵفت ئاوێزانی باڵات
نەمانی هاونەژادانت خەیاڵە
ڕۆحت بردم بە قەندی لێوەکانت
دەزانی کورد بە قەند وێرانەماڵە
قەباڵەی عاشقیم زۆر موعتەبەر بوو
چ قەوما چاوم ئەمڕۆ پێت بەتاڵە
لە ئاهو ئەشکی بێچاران بترسە
وەئەستۆ مەگرە چیدی ئەو وەباڵە
مەگەر ترست نییە دەستی زەمانە
وەڕێت بێنێتەوە ئەم ژینە تاڵە؟
کوڕی شێران و زۆرزان بووم، لەدەس تۆ
هەژارناسناوی ئەدەبیێکم زمانم لەنگ و لاڵە