لای لایێ

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  1180 بینین
شیعرێکە ساڵی ١٩٤٤ لە بۆکان نووسیومە، ساڵی ١٩٤٥ لە «ئاڵەکۆکناوی تایبەت»دا چاپکراوە:
ڕۆڵە ڕووناکیی گلێنەی چاوم
بەندی جەرگ و دڵ، هێزی هەناوم
ڕێحانەی بۆن خۆش سوورە گوڵەکەم
ئاوپڕشکێنی کوڵی دڵەکەم
چۆڵەمەی ئەستۆم، ڕەگی حەیاتم
هەنگوین و قەندم نوغل و نەباتم
خەوی خێرت بێ بنوە درەنگە
تا کەڵەبابی بەیان بێ دەنگە
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
ئەمشەو بەزەییت بە مندا نایە
ژیربەوە ڕۆڵەی ژیر و جوانم
لە داخی لانک دەگری، دەزانم
دەڵێی بۆ حەپسم، بۆ دەستەبەستەم!
بەو بەند و حەپسە من جەستە خەستەم!
لە نێو کورد نەبێ دەسرازە نییە
ئەو بەند و قفڵ و قەڕازە چییە!
کوڕم من بیرم لە تۆ زیاترە
دەستڕازە و لانک بتبێ چاترە
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
گوێگرە پێت بڵێم لە بەر چی وایە
ڕاستە تۆ نەوەی شێری ژیانی
نەتەوەی پاکی گەلی کوردانی
بەڵام چونکە کورد ئەمڕۆ بێ کەسە
بەشیان لە دنیا کۆت و مەحبەسە
بۆیە دەتپێچم تاخووی پێ بگری
نەک تامن ماوم لە بەندا بمری
بۆ چارەڕەشیت نەماوە تینم
هەر پێم خۆش نییە مەرگت ببینم
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
هەزار تێبینی دواڕۆژم لایە
بۆت بەخت دەکەم عومری درێژم
سەد تاڵ و سوێریت لەسەر دەچێژم
نەمامی باڵات بەفرمێسکی چاو
شەو و نیوەشەو لێی دەنێم شەواو
سەد چاک و پیرت بۆ دەخولێمەوە
لەبن سێبەرت بحەسێمەوە
هەر ڕەسیدە بووی نەتەوێ زاڵم
دەتبڕێ و بەزەی نایە بە حاڵم
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
دەک خاکم بەسەر، ڕەنجم بەبایە
پەشێو پێت خۆشە یەخسیر نەمێنی؟
سەربەستیت پێ بڵێم بکەویە شوێنی؟
قەڵەم دەست دەیە، ببە مەکتەبی
وەخت و بێ وەخت لە خوێندن نەبی
ئەوکاتەی لەگەڵ کاکت دووبەدوو
بکەن هاواری هەقی لە دەسچوو
دەس دەنە دەس یەک بە ڕا و بەتەگبیر
یەکتان بە قەڵەم، یەکو بە شمشیر
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
شیریش جەوهەری لەقەڵەمڕایە
یەک نامە ڕەش کا بە داد و هاوار
یەک زەوی سوورکا لە خوێنی بەدکار
یەک لە قوڕنیشێ بڕوا بۆ تکا
یەکێ قوڕ بەسەر دوژمن دا بکا
ئەو پەلەقاژەی ئێستا لەکن من
دەکەی بەند لادەی لەدەست و گەردن
ئەو تەقەلایەت بۆ دواڕۆژ باشە
جووچک هەوڵێ دە، بێ ڕوحمە واشە
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
دەس لە دەس، تەوفیق لەکن خودایە
ڕۆڵە نیشتمان چاوی لە ڕێتە
دایکمان هەویای دواڕۆژی پێتە
بۆیە هەندامت وەک مینای بێگەرد
خاوێن ڕادەگرم بەسەد ڕەنج و دەرد
چاکەم دەیەوە، بۆ وەتەن وەک کوڕ
تۆش بیگەوزێنی لە ناو خوێن و خوڕ
پێت بڵێم ڕۆڵە سەر سوودی چییە!
بۆ بەردە بازی ڕێی ئازادییە
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
نیشتمان بۆ تۆ دەستەو دوعایە
ڕۆڵە نامووست وەک خزمەکانت
نەفرۆشی بە پووڵ دەستم دامانت
شەرەف گەوهەرە قیمەتی نایە
دەویت ڕووڕەشی هەرتک دنیایە
ئەوکەسە پیاوە بۆ خاک و ئاوی
ڕۆح دانێ و بەچاک بمێنێ ناوی
نەتبیستوە واتەی زانای سەرزەمین:
مەردانە مردن نەک حیزانە ژین
هەی لای لایە ڕۆڵە لای لایە
بخوێنە، نەزان چی لەدەس نایە