بەیتی سەرەمەڕ
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
30 خولەک
2340 بینین
ساڵی ١٩٤٨ ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕۆژنامەیێکی عەرەبیدا لە ژێر درۆشمی «کۆشکی بلوورین »دا چیرۆکێکی کورتی ڕەمزیم خوێندەوە کە لە بوێژی تورک «صباح الدین علیکەس» وەرگیراوە. چیرۆک نزیکەی نیو ڕووپەڕی ڕۆژنامەی گرتبوو. هەرچەندە زۆر لە پەردەدابوو، زۆر بەنهێنی پیاوی تێ دەگەیاند کە مەبەستی چییە. بەڵام دیسان زۆر کاری کردە سەر مێشک و دڵم. پوختەی چیرۆکم هەر لەدڵدابوو تا هێنامیە سەر ئەو بیرە کە ئاوا پان و پۆڕی کەمەوە و هەرچەندی کێشی دێت ڕایکێشم و چی لە دڵمدایە بۆی بکەمە نێوئاخن. ئەگەرچی بەشی زۆری من لەخۆمەوە پەڕوپۆم لێناوە و پەڕم تێدا هەڵاویشتووە. بەڵام هەر لەسەرمە زۆر سوپاسی گیانی پاکی ئەو بوێژە بەرزەی تورک بکەم کە بناغەکە ئەو دایڕشتووە. بۆتە دابێکی تازە هەرکەس شتێک دەنووسێ دەیکاتە دیاری بۆ کەسێک، منیش ئەم سەرەمەڕەی خۆم پێشکەش بەو کەسە دەکەم کە هەمووی دەخوێنێتەوە و خەڵکیشی لێ تێ دەگەیەنێ .
***
حیکایەت خوان
شەوێک لە شەوی پایز
خوا لێ خۆشبوو مام بایز
پیرێکی دنیادیدە
دانا و زانا و گەڕیدە
قسەڕەوان، گفت جوان
شیرن ڕاوێژی زمان
لە گوێی ئاگری مزگەوت
سەعات گەییە شەش و حەوت
ئەوە دەیگوت: حیکایەت،
خۆش بوو بەدەر لە غایەت
ئاوی گوێچکەی دامەوە
وەهای بۆ گێڕامەوە
سێ تەنبەڵ
هەبوو نەبوو، لە زوودا
لە دەورانی پێشوودا
سێ زەبەلاحی بێکار
چەورە و شەلاتی ناوشار
دەست و پێ سپی و تەنبەڵ
پیس و بۆگەن و چەپەڵ
یەک لە یەکتر خوێڕیتر
هەر بۆیە بوون یەکدی گر
نانی بە ڕەنجی شانی
هەر ناویان نەدەزانی
بەخواهیش با و بە زۆری
دەژیان بە مفتەخۆری
هەر شەو دەچوونە ماڵێک
سێسەد و شەست لە ساڵێک
سەلام مەلێکم حەمە
میوانی تۆین ئەو جەمە
ئا توخوا پوور خانم جان
تۆزێ کەرە و سێ چوار نان
چبڵا بوو خوشکە ڕابی!
نابێ تۆزێک بۆ خوا بی!
ترخێنێکمان بۆ لێنێ
ئاهی دڵمان بشکێنێ
چەند ساڵێ وا بەڕێ چوون
تا لای خەڵک بۆژۆ بوون
کەس بەڕبەی نەدەپێوان
ناچار دایانە کێوان
شەوێک لێرە، یەک لەوێ
هەر نانەزگ دەس کەوێ
وا فێربوون ماڵانگەڕی
سەگیان پێ نەدەوەڕی
هێند چوختی ببوون لە سواڵ
مەلا فڕێی دا مەتاڵ
شێخان لە بەریان بەزین
بەتاڵیان کرد خوانی زین
دێوانە کەوتنە هاوار
سەریان دا لە بەرد و دار
گوتیان چیان بۆمان نەهێشت
با بیانخۆین لە باتی چێشت
تەنبەڵباشیی زەمانە
ترسان بیانخۆن دێوانە
بەناچار دایان بڕیار
یەکجاری بچنەوە شار
شارێکی مەزن
لە کەلێ وەسەرکەوتن
ماندووبوون، تۆزێک خەوتن
هەڵسان نۆڕیانە چواردەور
دنیای ساماڵی بێ هەور
لە دوور شارێ دیارە
پڕ گومبەز و منارە
پڕ قەڵا و باڵەخانە
عەجایبی زەمانە
نە سەری دیارە نە بن
هەزار شەیتان دەکا ون
شەقامی هەزار هەزار
ڕاکشاون لە گەرووی مار
هەزارە زیلەی ناوشار
زیاد لە ئەندازە و ژمار
وەک لەشکری مەل و موور
ڕەش دەچوون دەجمین لە دوور
تەنبەڵ ماتی دای گرتن
دیتیان تارمایی مردن
چۆن بژین لەو شاری پڕ!
ئێمەی خوێڕی و شڕ و وڕ!
لەبەر زۆر بیرکردنەوە
خەونووچکە دەیبردنەوە
یەک لە هەموان پتر سەگ
پێیان دەگوت قوڵی بەگ
لە پڕ سەری هەڵبڕی
دە ئاواڵان ڕاخوڕی:
سەر بەرەژێر، با بچین
فێڵێک هەیە پێی دەژین
«چۆن فێڵێ؟ شەیتانییە
بەشم لە زۆرزانییە»
لە ڕێگە تێی گەیاندن
لە دڵ و مێشکی چەسپاندن
ژیان لەو شارە
هاتن، گەیشتنە ناوشار
پێدا گەڕان سەر و خوار
لە هیچ کوێ جێی وا نییە
بێکاری تێدا نییە
نە دەوڵەمەند، نە هەژار
نە گەدایە و نە خونکار
نە زۆردارە و نە بێ زۆر
وەک یەک سپی و ڕەش و بۆر
هەموو کەس دەکا کارێ
چی پەیدابوو ئێوارێ
دێتە ژمار و دەفتەر
دابەش دەکرێ بەقەد سەر
کێ لەکار ئازاتر بێ
دەبێ بەشی زیاتر بێ
هەرکەس کاری نەدەکرد
بێ نان لە برسان دەمرد
بە میرات نەبوو
ئیتر لە میرات نەبوو
کوڕی خان و خات نەبوو
دەوڵەمەندێک مندار بێ
یەکەم سووتخۆری شار بێ
کوڕی جاشە کەرێ بێ
بێ شەرم و سەرسەری بێ
زمان پیس، دەم بۆگەنیو
بەهۆی لیرەی مام تۆپیو
ببێتە گەورەی کۆمەڵ
کەر دەبەرکا پێستە کەڵ
بێ ئاغا بوو
لێی نەبووکوڕی ئاغا
شەو بنوێ لە وەتاغا
بە ڕۆژ بچێتە ڕاوێ
بە تاژی و تفەنگ باوێ
ئارەق نەچێتە توێڵی
بژی بە حیزی و دێڵی
تەماح کاتە خێزانی
جوانی ڕەعیەتەکانی
بێ ماندووبوون بێ هەوڵ
بپۆشێ چەکمە و کەوڵ
کەوا و پاتۆڵ، ئەسپی چاک
لە دواڕۆژ بێ ترس و باک
وەک کوردەواری نەبوو
نە بەگ بوو، نە بێگاری
نەک وەکو کوردەواری:
جوتێری دەس قەڵشاوی
بەهرەی دێم و بەراوی
ئارەقی نێو چاوانی
خۆی و مناڵەکانی
ساڵ دوازدەمانگ ماندووبوون
دەرکەوێ تاریک و ڕوون
لەبەر بڵێسەی هەتاو
لە دروێنەدا چەماو
بە پشتی کووڕ هەتا شەو
تا لا بە لای دەخا خەو
مناڵ هەر یەک گوێی کارێ
بگرێ هەتا ئێوارێ
نە خوێندنگا و نە دەرمان
چاویان پڕووش لە گەرمان
بێ جلک و بەرگ و پێڵاو
لە ئەسپێ و کێچا خوراو
ڕووت و قووت تەواوی ساڵ
نانیان جۆ و زوڕات و گاڵ
زستان لەرزیو بێ ئاگر
لەوان جێ خۆشتر مامر
گەنم و تووتن پەیدا بێ
هەرگیز دەنکیان بۆ نابێ
پێک هاتووی ساڵ بە خڕی
بۆ ئاغا و ژن و کوڕی
ئاغا بیکاتە قومار
خانم خەرجی کا لە یار
کوڕ بکڕێ جلە تاژی
جەیران لە سەرمان ناژی
نە شێخ نە تەکیە هەبوو
نە دەروێش و حاوو حوو
نە دێوانەی ئاگرخۆر
نە سۆفی چڵکن و بۆر
ئەدی چۆن بوو؟
هەموو کەس پاک و خاوێن
هەڵکراو چاک و داوێن
نە زیندان بوو لەو شارە
نە کوشتن، نە قەنارە
نەجوێندان، نە هەرا و شەڕ
نە فێڵ و فەرەج نە گەڕ
نە دزی و نە گیرفان بڕی
نە کینە و نە دڵ پڕی
نە هەتیوی کۆڵانگەڕ
نە سیلداری چرچ و لەڕ
نە ژنی برسی و بێچارە
ئابڕووی بدا بە پارە
دەرمانگە و نەخۆشخانە
زیاد لە پێویست هەیانە
مناڵ کە تازە دەبوو
کۆمەڵ دایک و بابی بوو
دایک دەچووە زانگەوە
بە زگی هەشت مانگەوە
مامانی ژیر و زانا
یاریکار بوون لە زانا
نێوک بڕین، فرچک دان
دەیکرد بژیشکی چازان
دەیان کوتان بێ بەرتیل
بۆ ئاوڵە و چاوقوڵکە و سیل
تا لە زانگا دەترازا
دەبوو بە گوێزی ئازا
دایک سێ مانگ وچانی
دەدرایە دەوری زانی
کێ مناڵی زیاتر بوو
لەویتر بێ خەمتر بوو
لە سێ مناڵ بەولاوە
بەراتی بۆ دەبڕاوە
کێ دە مناڵی بوایە
مووچەیەکیان دەدایە
باب و دایکی پێ دەژیان
خەنی دەبوون لە خۆشیان
تەمەن ببا پەنجا ساڵ
پاڵی دەداوە لە ماڵ
ژینی بەڕێوە دەچوو
هەر شارنەبوو، بەهەشت بوو
تەنیا عەیبێکی هەبوو
زۆر خوێندنی لێ نەبوو
لە بەر زۆر عاشقەکاری
کەمتر بوو خوێندەواری
هەتا دوو سێ پۆڵ، مناڵ
دەیخوێند و دەچۆوە ماڵ
چەند لاویان هەڵدەبژاردن
بۆ لاوەیان دەناردن
بچن بژیشکی فێربن
نە دەزانرا کە خوێندن
بۆ ژیان و کار بژیوە
کار بێ خوێندن هەتیوە
نەیاندەزانی هەرکەس
کەم بخوێنێ و بڵێ، بەس
ڕەنگە فێڵی لێ بکرێ
نیزیکە فریو بدرێ
بێجگە لە زۆر زانستی
نەیان بوو پێداویستی
نە دەرد و خەم نە کزی
نە لە ژیان وەڕەزی
کار کە نەدەما ئێوار
لەهەموو سوقاقی شار
دەنگی مووزیک بەرز بوو
مووزیک هەزار تەرز بوو
دەبوو بە بەزم و سەما
جێگای کزی نەدەما
قاقای لاوان و پیران
خەمیان دەدا بەر شیران
تا نیوەشەو کوڕ و کاڵ
دەچوونەوە بەرەو ماڵ
لە خانووی خۆش و گەرما
لە نوێنی پاک و نەرما
لێی دەردەکەوتن بێهۆش
دەیان دیت سەد خەونی خۆش
کێ بێ ئەو دەورە تێک دات
هەر دەخەونیش نەدەهات
کۆشکی بلوورین
تەنبەڵ بە شارا گەڕان
دەڕۆین و دەیان نەڕان:
ئای لەو شارە چەند پیسە
ئای بەختو چەند نەگریسە؟
شاری وا ئابڕوو چوونە
نە جێی ژین و لێ بوونە
کێ بیستی لە ڕووی زەمین
شار بێ کۆشکی بلوورین!
کۆشکی بلوورین کوانێ!
ئەوە بۆ کەس نایزانێ!
وێران بێ ئەم وەڵاتە
بێ بلوورین قەڵاتە
وایان بە قەو دەقیژاند
حەشاماتیان هارووژاند
بۆچی باشە؟
خەڵک بە سوڕمانەوە
وەرامیان دەدانەوە:
بۆچییە ئەو کۆشکە بۆ شار؟
خۆ نە ئاشە و نە عەنبار
نە بەرگە، نە نان، نە ئاو
نە جاو، نە دراو، نە پێڵاو
بەرزیی گیانی
تەنبەڵ بە قاوو بە قین
هەر پێیان پێ دەکەنین:
ئەی خەڵکینەی هیچ نەدیو
نا نەجیب، هەتیو مەتیو
هەر نان و ئاو دەزانن
هەموو بەندەی زگتانن
پێتان وایە: بەڕێ چوون
هەبێ، هەموو شت بە توون
نەجیبی و بەرزی گیانی
هەر مەعناتان نەزانی!
کوێ بێ کۆشکی بلوورە
لە ڕەحمەتی خوا دوورە
گەپجاڕی شاری دیکەن
بۆ گاڵتەجاڕ حەنتیکەن
وا بار دەکەین لە لاتان
ڕوو دەکەینە وڵاتان
لەو جێی بەڕێوو جێ بێ
کۆشکی بلووری لێ بێ
ئەم باسە دەکەین بە قاو
ئابڕووتان دەچێ تەواو
لە ناو گەلان شەرمەزار
دەبن و دەکەونە بەر زار
شەندە و مەندە
خەڵکی شار بیستیان ئەمە
کەوتنە چپە و هەمهەمە
لاوان گوتیان هەر ئێستە
کۆشکی بلوور پێویستە
کارمان بێ کۆشک گەندە
کەم نییە شەندە لە مەندە
چۆن خەڵکی تر هەیانە
لە چاو ئەوان چمانە!
ئابڕووی شاری خۆ نابەین
دەبێ ئەم شەرمە لابەین
کۆشکی بلوور لە شارا
وەک خاڵە لەڕووی یارا
پیریش گوتیان کەوابێ
بش بێ زیانی نابێ
شوانی ناخوازن؟
ڕوویان کردە سێ تەنبەڵ
نەک سێ تەنبەڵ، سێ دەغەڵ
وتیان ئەی پیاوی زانا
ئەی لە عەقڵا تووانا
وەک لە دەردان دەزانن
هەر بۆخۆشتان دەرمانن
کۆشکی بلوورین چییە؟
زانستیمان پێی نییە
دە ئێوە تەشریفتان بێن
بۆمان دانێن: ڕێوو شوێن
لەنگۆ بیر و لەمە کار
لەم شەرمە ببین ڕزگار
«بەگورگیان گوت ببە شوان
دای دایە قوڵپی گریان»
«وتیان: گورگە دەگری، بۆ؟
وتی: دەترسم لە درۆ»
تەنبەڵیش گوتیان: حەی حەی
جا ئەوە چۆن دەکرێ و کەی؟
ناتوانین لێرە گیر بین
لەناو شووشەدا پیر بین
گەڕیدەیی و شارەو شار
لامان خۆشترە لە کار
خەڵکە سەریان گەرم بوو
دڵڕەقیش دڵنەرم بوو
لێیان دەپاڕانەوە
دڵخۆشییان دەدانەوە!
وتیان سا سوێندو ئەدەین
بیکەن هەرچی پێو دەکەین
گوتیان سوێندو بۆ دەخۆین
چۆن دەڵێن: وا ڕێ دەڕۆین
قوڵی ئەو قوڵی نەما
قوڵی بەگی چەنبەری
تەپڵێکی نا سەر سەری
کلکە ڕێوییەکی تێ خست
سێ چوار شیشۆقەی وێخست
فەرەجییەکی پان و پۆڕ
گوڵینگەی پێدا کرد شۆڕ
پێنج شەش زریزە و زنجیر
لە فەرەنجی کردن گیر
سمێڵی لێ کردن قیت
چاو بە چاویلکە بوون زیت
پانتۆڵێکی دەلینگ فش
دەق نەشکاوو خشەخش
مامزە و چەکمە و جیڕە جیڕ
هەرا و قیڕە و شیڕە شیڕ
هەروا بەم فاک و فیکە
بوو بە پیاوێکی دیکە
بە هەیبەت و مەترسی
جێگیر بوو لەسەر کورسی
تەنبەڵی دووهەم
دووهەم تەنبەڵیان هێنا
ڕیشێ درێژیان لێ نا
چاویان ڕشت بە کل و کلتوور
دەپێی کرد ئێمەنی سوور
تەزبیحێ هەزار دانە
دە ملیان کرد شێخانە
لە سەریان بەست شاڵی شین
ناویان نا شێخ محیەدین
وا لەبەر چاو زل ببوو
پیاو زەندەقی لێی دەچوو
هاواڵەکەی تر
سێ هەمیان بە ڕووخۆشی
بەرگێکی ڕەشی پۆشی
سێ چوکڵەی حیلە بازان
ناویان لێ نابوو: چازان
جل تا بڵێی فش و فۆڵ
سێ چوار گەز کرابووە قۆڵ
کڵاوێک لەسەر سەری
کڵاوی چی! لەنگەری!
وەکو گوێی کەری جڕجاڵ
سێبەری بۆ پێنج سەد ماڵ
کەوشی بریقەداری
ڕەوتی بە لەنجە و لاری
قەڵەمێ زل لەسەر دڵ
کتێبێک لەبن هەنگڵ
تا بزانن ئەم ئاغاشە
قانوون ڕێکخەری باشە
یاسای تازە
ئاڵقەی یاسا تێک خرا
زنجیر بۆ گەل ڕێک خرا
یەک: ئەو کۆشکەی ساز دەبێ
پڕ لە خۆشی و ناز دەبێ
کۆشکی بلوورە بەناو
پێی هەڵمەکاڵێن بەچاو
دوو: هەرکەس پێی بڵێ خوار
یان جوێن دا بە بەرد و دار
یان لێی کار نەکا بە دڵ
یان لە بێگار بکا سڵ
دەکوژرێ لە دنیای ڕوون
لە قیامەتیشە مەلعوون
سێ: هەرکەس لە زۆر و کەم
لێی داوا بکرێ هەردەم
نەیدات بۆ کۆشکی بلوور
دەکوژرێ بەپێی دەستوور
کار لە کۆشک
دەس کرا بە کار ئەمجار
لە خۆشتر مەڵبەندی شار
هەزار خانوو تێک درا
بنگەی کۆشک ڕۆ نرا
بەهەزاران کارگەر
لە حەد بەدەر بارەبەر
ڕەمڵ و بەرد و قوڕ دێنن
بناغە دامەزرێنن
چی پشتە و عەرەبانە
لە کەرستە کێشانە
موهەندیس و میعماران
دەس ڕەنگین، شیرن کاران
دەستیان دا دەس کارگەر
بناغەیان بردە سەر
بە بلووری تواوە
پایە بەرز کراوە
هەرچی دارتاشی باشن
وا پەنجەران دەتاشن
چەند ئاسنگەر پێویستە
نێونووس کران لە لیستە
هاتن تەونگەرباشان
چنیان قاڵیچەی کاشان
نان و پێخۆری پیاوان
لەسەر هەتا بناوان
ماست و ڕۆن، گۆشت و پڵاو
قاوە و چایی بە لێشاو
دەبوو بیدەن خەڵکی شار
بە تۆن، بە بار، بە خەڵوار
زۆریان لات هەڵبژاردن
سەر کارییان پێ سپاردن
زۆر خوێڕی و پەست و بێ هەست
بۆیان بوونە داری دەست
خەڵکیان لە بێگاردا کوشت
تا نهۆمێکیان داڕشت
وتاری قولی بەگ
سێ تەنبەڵ چوونە ناوی
ڕۆژی حەفلەی تەواوی
خوتبەی بۆدان قولی بەگ
کە ئەی گەلی بە ئەمەگ
ئەی پاڵەوانانی کار
ئەی ڕەنجدەرانی هێزدار
نهۆمێکتان تەواو کرد
ناوبانگی خۆو بڵاوکرد
عافەریم سەد عافەریم
ئەوی من لە ئێوە دیم
بەهیچ کەس وا ناکرێ
کەس وا بەرگە ناگرێ
بەڵام نهۆمێک چییە!
شایستەی شارتان نییە
لەسەرمان پێویستە زوو
تەواو کەین نهۆمی دوو
ئەوی ئێستاش هەمانە
بیپارێزین مەردانە
جا قەزاو لە گیانی من
بەخۆ خۆش مەکەن دوژمن
کێ دارا یان نەدارە
تەقسیر نەکا لە پارە
ماڵی دنیا هیچ نییە
نێوی چاک ئەبەدییە
کێ ئازایە کار بکا
کاری بەرد و دار بکا
فکری باشمان بۆ کردوون
میداڵمان بۆ داڕژتوون
لە زێڕو زێوی ئێوە
وێنەی خۆمی وا پێوە
کێ زۆر ئازا و گوێگر بێ
کێ پیتاکی پتر بێ
نیشانێکی دەدەینێ
دەی چاوم، هەر سبەینێ
دەست پێ کەین، دووەم نهۆم
لەمنو کەوێ کوڕی خۆم
ئەگینا کارمان لەنگە
لە قاتێک جێمان تەنگە
فەرموودەی شێخ
ئەم جارە شێخ ڕدێن زل
دەم بۆز و چاو پڕ لەکل
سەرشین وەکو دارە بی
پاش چەند وشەی عارەبی
فەرمووی کۆمەڵ بزانن
ئەگەر خاوەن ئیمانن
دەبێ ئەم کۆشکە سازکەن
ئێمە لەخەم دەرباز کەن
هەرکەس بۆ قاتی دوایی
کار بکا بە ئازایی
ماڵی خۆی پێ ببەخشێ
هەر تا کۆشک بنەخشێ
لەو دنیا پاش مردنێ
حەفتا کۆشکی دەدەنێ
حەفتا حۆرییان تێدایە
هەر یەک نرخی دنیایە
کێ نانی خۆ و مناڵی
مافووری چاک و قاڵی
بێنێ بۆ ئێمە، بیخۆین
ڕایخەین، لە سەری بڕۆین
لەناو بەهەشتی بەرین
تێر دەخوا شیر و هەنگوین
کێ لە دنیا فەقیرە
لاتە و کزە و زویرە
کێ زۆر پیس و چڵکن بێ
ئەسپێون و ڕشکن بێ
لە قیامەت زۆر لە پێشە
بەهەشت خانی دەروێشە
گەر دەڵێن: تۆ بۆ وانی؟
بۆ وا خاوێن و جوانی؟
حیسابی من جیاوازە
شێخ لای خوا کاری سازە
ئێوە زاهیر دەڕوانن
لە باتین چ دەزانن!
ئێمەی زاهیر داپۆشراو
باتین بێ دەرپێین تەواو
بە زاهیر کە نانخۆرین
بە باتین هەزار جۆرین
ژنمان دەبینن جوانە
سەر سوورە و بن هەمبانە
جا لەمنو کەوێ کوڕگەل
بۆ ڕێی خێر هەڵکەوت هەل
دەس پێ بکەن زۆر مەردانە
خودا و شێخ لەگەڵتانە
یاسا دیسان
ڕەشپۆشی یاسا ڕێکخەر
ئەمجار هاتە سەر مینبەر
گوتی : قانوون ئەفەرموێ
هەرکەس هەیە و لە هەرکوێ
با بێنن بۆ کۆشکی چاک
نوێن و پۆشاک و خۆراک
برنج و ڕۆن و کووتاڵ
گیسک و کاوڕ و پووڵ و ماڵ
چی لە بەرد نەرمتر بێ
لە بەفر گەرمتر بێ
کۆشکیش دەبێ وەرگرێ
نەهێنێتە بەر گرێ
کێ بە کار و ئازایە
ناشێ خۆ بداتە دوایە
ماندووبێ تا دەتوانێ
خۆی بە ماندوو نەزانێ
با بخوا هەرزن و جۆ
پێخۆر، ئاو، گەر نەبوو دۆ
بسازێنێ بە بەشی
تووش نابێ چارەڕەشی
کێش بێ شەرمە و بێ کارە
تەن پەروەر و نازدارە
گوێ ناداتە عەیب و عار
وەک نیسکە بێ پشت و بار
لە ڕێگەی چەند قرۆشێ
حەیا و شەرەف دەفرۆشێ
زۆر قەڵب و تەوەزەلە
بێتە لامان بە پەلە
بەخێویان دەکەین زۆر باش
دەبنە گزیر و سوور باش
دەستیان دەگەڵ دەستی مە
پێک بێنن مەبەستی مە
کارمان بە ئی وا زۆرە
دار ناقەڵشێ بێ هۆرە
دڵخۆشکەرە
ئازادن بە پێی قانوون
ئای چەند خۆشە ئازاد بوون!
ئەگەر دەمرن لە برسان
یان دەتۆقن لە ترسان
سواڵ کەن زەلیل و زەبوون
شەو لەبن پردان بنوون
کەس هەقی نییە لە سەرتان
قانوون بووەتە لەمپەرتان
ژن کە برسی و بێ نانە
دەچێتە قەحبەخانە
بۆ نانێ خۆی دەفرۆشێ
دەرد و زووخاو دەنۆشێ
گەواد ئازادە بیکڕێ
لێ یدا، بکوژێ، بیبڕێ
بە منداڵو نەخوێنن
یان باش نەیان عاملێنن
یان بەبێ دەرمان بمرن
یان قەت ڕێی چاکە نەگرن
دەتوانن، چونکە قانوون
ئەو ڕێگەی باش کردووە ڕوون
کێ فێڵباز بێ لە ناوتان
بدزێ زێڕ و دراوتان
بە سووتخۆری و شیربایی
بە تاجری و ئاغایی
یان بە شێخی و دەروێشی
بە مارگری و بەنگ کێشی
یان بە سواڵ و سەدەقە
بە قانوون خاوەن هەقە
کێ لێمان بێت ناڕازی
دەس کا بە چەنە بازی
لە سەر هەژار بێتە جواو
بۆی بخوازێ نان و ئاو
کار و پێڵاوو پۆشاک
خانووی خاوێن و ڕووناک
نەخۆشخانە داواکات
بۆ چاری دەرد هەراکات
بێژێ خوێندن پێویستە
ئەو کەسە کمۆنیستە
بە قانوون گوناهبارە
جەزای حەپسە و سێدارە
لە شەرعیشدا کافرە
جێگای لەناو ئاگرە
قانوون دیموکراتییە
شتی وا باش هەر نییە
لە ڕۆژهەڵات بەولاوە
هەر ئەم قانوونە باوە
خۆم بەختەوەر دەزانم
ڕێکخەری قانوونتانم
جا ئەی کۆمەڵی ئازاد
ئەی دڵشاد بە عەدل و داد
لە سایەی ئەم قانوونە
ئێستا ڕۆژی یەکبوونە
مل لێنێن ئازا و جەسوور
تەواوکەن کۆشکی بلوور
زووی تێدا ڕۆبنیشین
کە زانیمان بێ ئیشین
ئەوسا خۆشی لە خۆتان
قانوون زۆر دەکرێ بۆتان
هێندەو بۆ درێژ دەبێ
سەرتان تێدا گێژ دەبێ
کارداری کۆشک
کێ لە هەر کوێ تەنبەڵ بوو
لە پیاوەتی پووچەڵ بوو
کێ کەیفی لە کار نەبوو
بە هیچ شەرمەزار نەبوو
ڕووی لە کۆشکی زل دەکرد
دادەمەزرا دەست و برد
بوونە کارداری خونکار
کوتەکی دەستی زۆردار
زۆر خۆشیان هاتە بەرچاو
بێ ماندوو بوون نان و ئاو
بوون بە سێ بەش ئەوانە
کامەی تەنبەڵتریانە
دەبەریان کرد کەوای شۆڕ
زل و سەوز سەر و پۆڕ
تا بۆ کار خەڵکی هان دەن
کۆشکیش قایم نیشان دەن
نامووس و دین پێخوست کەن
بەدرۆ حەدیس دروست کەن
بەرنە مێشکی حەشامەت
کە تا ڕۆژی قیامەت
ئەو کۆشکە هەر دەمێنێ
هیچ هێزێک نای ڕووخێنێ
کێ بیرکات لە ڕمانی
دەمرێ بەبێ ئیمانی
لەوی زۆر سەگ و زۆرزان
کۆنە چەکمەڕەق و خان
دەستێکیان گل دانەوە
هەر لە کۆشکا مانەوە
چی ملهووڕ و ئەحمەق بوون
بێ مێشک و کەللەڕەق بوون
زۆڵ و دەسبڕ و چاوشۆڕ
ڕووناخۆش و مچ و مۆڕ
زمان شڕ و داوێن پیس
بوونە چەکدار و پۆلیس
قایش و قرۆش جل و بەڕ
شیر و خەنجەر و وەڕ وەڕ
وایان لە خۆیان دەکرد
زراوی خەڵکیان دەبرد
هەرچی کۆشک دەیفەرموو
جێبەجێیان دەکرد زوو
زیندانیان دروست کردن
جێگای ڕزین و مردن
تا هەر کەس بۆیان نەلوێ
جێگەی هەبێ لێی بنوێ
پیتاکێکیان کە دەستاند
پشتی باجدەریان دەشکاند
دراو بۆ کۆشک چەندە
بۆخۆشیان دوو ئەوەندە
هەرکەس گوتبای وا نابێ
دەبوو ماڵی خرابێ
دەڕزێنرا لە زیندانان
دەکرا بە تۆزی بانان
دەس کرایەوە بەکار
سەر لە نوێ خەڵکی ناوشار
چوونە ژێر بار و بێگار
جاران کە بە نەرمی بوو
ئەوجار بەبێ شەرمی بوو
کار دەکرا بە کوتەک و جوێن
ئارەق تێکەڵ بوو بە خوێن
گەلێک پۆلیس و چاوەش
لە سەر فەعلان کرا بەش
هێندێک دەچوونە بازاڕ
لە ناو خەڵکیان دەدا جاڕ
زووبن نان و جل بێنن
خێراکەن، ڕامەمێنن
گۆشت و هێلکە و شیر و ڕۆن
تووتن و پەڕ و عەتر و بۆن
ماش، برنج، نۆک و نیسک
بزن و مەڕ، کار و گیسک
خەڵکی کۆشکیش هێندینگۆن
زۆریان دەوێ تێر بخۆن
کۆمەڵ گش تیرە و گەلی
کەوتە سەر ساجی عەلی
نەما بیخۆن توند و شل
غەیری سوێند بە کۆشکی زل
تڕی خوسرەو
ئەو کۆمەڵە هەژارە
ڕزگار دەبوون لەو کارە
کارێ تر دەیگرت جڵەو
ببوو بە تڕی خوسرەو
بێگار هەر نەدەبڕاوە
هەر لەو کۆشکە گڵاوە
بە دوان ڕانەوەستا کار
نهۆم بوو بە سێ و چوار
هەمووش هەر جمەی دەهات
لەبەر زۆری حەشامات
گشتی نانخۆری تەنبەڵ
ڕژد و چنۆک، بە گێچەڵ
هەرواش زۆر دەبوون خوێڕی
خوا وەخێری نەگێڕی
نەدەترسان
دانیشتووی ئەو سەرایە
لە گاڵتە و گەپ و کایە
لە خواردنەوە و لە مەستی
لەبەر شەهوەت پەرستی
لە بیری ژیان خۆشی
کەوتنە بیری بێ هۆشی
فکریان نەدەکرد جارێ
هە یاران خەڵکی شارێ
نان و ئاومان لەسەریان
جلمان داکەند لەبەریان
پاروومان لێ ڕفاندن
ئێسکیشمان لێ کڕاندن
ئاخر جارێک، ئاوڕێک
لە هەزار مەڕ کاوڕێک
شتێکیان بدەینەوە
بیرێکیان لێ بکەینەوە
پیاو مانگایەک دەدۆشێ
شیر و ڕۆنی دەفرۆشێ
دەیسپێرێ بە گاوان
بیباتە مێرگی پاوان
بە دار لێی نادا بە قەو
دەیباتە تەویلە شەو
لە ترسی قوڕن و، گەنەی
دەدۆزێ کلک و چەنەی
هەر بکۆخێ لەسەرمان
دەیگاتە سەر بە دەرمان
تاژییەکی هەیە بۆ ڕاو
لەبەر خەو چاو هەڵمساو
کلک لە گەڵۆز، بۆگەن
نان بێنن بۆ سەی ڕەسەن
تا پایز بەخێو دەکرێ
کەروێشکێ بگرێ و نەگرێ
بەڵام مسکێنی هەژار
پۆڵای پاڵەوان لە کار
ئارەق ڕژێن و جووتکەر
داس وەشێن و ڕەنج بەر
بەننا و جۆڵای کوتاڵ چن
فیتەری پۆڵا و ئاسن
لەسەر هێزی کارگەر
زەوی گرتوویە لەنگەر
چۆن وەک سەگی نەزانن!
وەک مانگای لێ نەڕوانن!
ناترسن ئەو عیفریتە
ئەو سەر مەڕی چاو زیتە
ڕۆژێک لێیان ڕاپەڕێ
تەخت و بەختیان وەرگەڕێ
کاتێ پێوانە پڕ بێ
بیکەیە سەر لێی دەڕژێ
لەوێش پێوانە پڕبوو
خەڵکی شار حاڵیان شڕبوو
پیاو هەتا دەوڵەمەندە
ترسەنۆکە و دەربەندە
دەترسێ تاڵان بکرێ
قەرزی لای خەڵک بوخرێ
نەوەک موڵکی لێ ببڕن
زگی گامێشی بدڕن
بەڵام هیچت نەمێنێ
کێیە چت لێ بستێنێ!
بەزمی ڕووتی
دەڵێن هۆلاکۆ جارێک
دەچێتە دەوری شارێک
دەڵێ لە چووک و گەورە
هەر کەس پێو وایە چەورە
دە لیرەی لێ بستێنن
دڵی هەژار مەشکێنن
لە بنەوە ناردی پیاوێ
لەشار بگێڕێ چاوێ
دێتەوە دەڵێ: ئاغام
تەواو بە شارا گەڕام
باجدەر بار لەسەر لێون
ئی زۆر زل قوڕ دەپێون
دەڵێ کێ بۆتە حاجی
هەزار لیرەیە باجی
کێ لەوان نەوی ترن
خۆو ئەندازەی بگرن
نامەوێ چیان بمێنێ.
جاسووس خەبەرێ دێنێ:
خەڵک کەمیان وەڕەزن
هەر حاجین تۆزێک کزن.
دەڵێ: حاجییان تاڵان کەن
جا وەرن بۆم بەیان کەن.
جاسووس دێ بە پێکەنین
کە ئەی خانی سەر زەمین
بەزمێکە بەڵام بەزم
کەس نەما بڵێ ئەزم
کەس ئاگای لە کەس نییە
فەرقی شێخ و قەس نیە
تێک هەڵدانە و شەڕەشەق
چڕە و گوڕە و چەقەچەق
هەڵپەرکێیە سێ جرتی
سەرچۆپی حاجی گرتی
قازی گۆرانییان دەڵێ
مەلێ و مەمۆ و سەوزەڵێ
خانی وشیار و زانا
بلیمەت لە جیهانا
دەڵێ: نامە با ڕاکەین
شارێکی تر پەیا کەین
بەزم بەزمی ڕووتییە
هەڵپەڕکێی نابووتییە
چیان نەما لێی بترسن
وا لە خۆشیان دەڕەقسن
بێنە سەرمان ئەمانە
ڕووت ئاگری بێ ئەمانە
قەت یەکێکمان ناهێڵن
زووکەن بەجێیان بێڵن
سمێڵ دانان
وا لێرەش خەڵکی شاری
کەوتنە بەزمی هەژاری
هێندەی ماڵیان خورابوو
هێندەش ترسیان نەمابوو
ڕۆژێک لە کۆشکی بلوور
دەستوور درا بە مەعموور
ئەویش تێی هاڵاندن گەڕ
دەبێ بێنن سەرو مەڕ
وردە و پیر و هەرزەکار
چیان هەبوو دار و نەدار
دوامین قۆشەی هەیانە
بردیان بۆ تەنبەڵخانە
وتیان: ئاخر کوا ئینساف!
تاڵان کراین ساف لە ساف!
گوتمان کۆشکی بلووری
زۆر شتێکە زەرووری
خۆ نەمان گوت هەزاران
لە تەنبەڵ و بێکاران
ببنە نانخۆری بێ ئیش
سمێڵمان نایە سەر ڕیش
پێمان ناڵێن چین ئەوە؟
بۆ کوێ دەچین هەر هەوە
قووتوودا کوڵاو و کاڵ
زگتان تێڕە یان جەواڵ؟
ئەو هەموەی دەکوێ دەنێن
کای ئێمەیە، ئەی کادین؟
کلکە لەقە
قولی بەگی عەنتیکە
زانی بەڵا نزیکە
بەسەد قانوونی ڕەشپۆش
ئاگرێکە نابێ خامۆش
بە زۆری دانامرێ
بە بێ نەرمی ناکرێ
بۆی کەوتە کلکە لەقە
وتی چی دەڵێن هەقە
فەرموون، فەرموون وەرنە ژوور
ببینن کۆشکی بلوور
دیموکراتی دەنوێنم
ڕەعیەتی خۆم دەدوێنم
هەقتان هەیە بپرسن
داوای جواب کەن، مەترسن!
کوێڕا زۆر بوون؟
وتیان: ئەی خاوەن شکۆ
گەر گران نایە لە تۆ
بێژە ئەو کۆشکی وا زۆر
چۆن وا پڕبوو لە نانخۆر؟
چلۆن ڕیشەی مەو کێشا
ئاخر ئێوە لە پێشا
سێ کەس بوون، هاتن پێرار
کوێڕا بوونە سێ هەزار؟
بە گۆڵمەز فێرە
گوتی: ئۆ… ئەی کوڕانم
وەرامتان باش دەزانم
من زۆر بە گوڵمەز فێرم
وەرن بۆتان بژمێرم
ئەم ساڵۆنە زەلامە
بۆ ڕۆنیشتن جێگامە
ئەو ژوورە لێی دەخۆم نان
ئەوەش بۆ قەننە کێشان
دیوی قاوەیە ئەوە
ئەوەش جێی چێشتە خەوە
هۆوەش حەرەمسەرایە
سەد ژنێکی تێدایە
عەیبە گوتەنیش، ئەوان
بۆ بەزم و گاڵتەی شەوان
بە ڕۆژ لە کاری ئێوەم
شەویش تا ڕۆژ لەو نێوەم
ئەم ئەفەندییەی وا قۆزە
وا بە دەعیە و بە پۆزە
کۆمەگم دەکا بە بیر
نێوم لێ ناوە ئەمیر
ئەوەش کۆمەگە بۆ ئەم
خۆتان ببژێرن سەرجەم
سی چل گۆمەگ بۆ کۆمەگ
هەمووی خان و ئاغا و بەگ!
ئەمیان قاوەچی خۆمە
بەگزادەیە… نە دۆمە
ئەوەش کۆمەگی ئەوە
وەک هی پێشوو بیرکەوە
دە کەس چرا هەڵکەرە
چل کەس گەسک لێ دەرە
پێنج شەش کەس مێش دەکوژن
جلشۆرمان بیست و دوو ژن
دە کەس باوەشێنکەرمن
چل پەنجا چێشت لێنەرمن
لەو خەڵکە سێ یا چواری
لە گەڵما دەکەن یاری
پەڕ و شەترنج و تەختە
دەردی بێکاری سەختە
بەچی وەختم ڕابوێرم
یاری لەمێژە فێرم
شەش حەوتێک قسەخۆشن
جەفەنگم پێ دەفرۆشن
دوو سێ کەسیان شاعیرن
زۆر خۆوێژی ماهیرن
بە درۆی قەڵەوو پتەو
پێم هەڵدەڵێن ڕۆژ و شەو
هێندەم پێ هەڵگوتراوە
خۆم لە خۆم لێ گۆڕاوە
چەند کەسێک سەگەوانن
زۆر باشی لێ دەزانن
تاژییەکانم زۆر باشن
لە نان خواردن وەک ئاشن
چنگ درێژ، ناو دەست بڵاو
هەتا بڵێن خێران لە ڕاو
هەڵۆ هەش نۆ جاری کوشت
کەروێشکی سیخوار لە پشت
ڕێوی ڕاوکرد لە کێوی
بە خوای فێڵبازە ڕێوی
ئەوی لەو ژوورەتان دین
هەموویان ڕۆژنامەچین
نووسین بە پووڵ دەفرۆشن
عەیب و عارمان دەپۆشن
هەرچی بیکەم، زۆر و کەم
بنووم، بخۆم، دەبەرکەم
چی بێ تامە ببێژم
یاخۆ بشکێ دەسنوێژم
چۆن ڕێک و پێک و جوانە
بۆم دەنووسن ئەمانە
دنیای بەبێ ڕۆژنامە
ژیانێکی حەرامە
مەیتەریش ئەو چل کەسەن
ئەسپم هەن هەمووی ڕەسەن
زگ تێڕ و دەم دەستاڕن
لە پەستا جۆ دەهاڕن
لە گرێوە ئەسپا تاقن
درێژن، لەسەر لاقن
هەر ئەسپێ پێشیان کەوێ
زەوتی دەکەم هەر لەوێ
ئەمەش خواجەی حەرەمە
تا چاکەی بڵێم کەمە
ئاگای لە ژن و ماڵ دەبێ
تووشی سەد ئۆباڵ دەبێ
چەند لاوێکی بە دەستە
پشتی خۆتیان پێ بەستە
ئەو سەر بێ تووکە و دیوە؟
بنان گوێی دەرپەڕیوە
زگ زەلامە و مل ئەستوور
چەنە کورت و لووت شەیپوور
زۆر وشیار و بە هەستە
دە نووسەری بەدەستە
ڕەئیسی باج گرانە
ئەرکیان زۆر لەسەر شانە
چی ئێوە دەیدەن بەمە
هەر چەند بڕێکیش کەمە
دەنووسرێ هەر لە ڕێوە
چۆن خوا هەڵدەگرێ، ئێوە
باوەڕیتان بە من بێ
بێڵم هیچتان لێ ون بێ!
ئەم پیرەش سەر بژیشکە
مەیدوێنن: کەللە ویشکە
لە هەندەران هێنامان
دەستی منتان بە دامان
زۆر لەلای ڕامەوەستن
گەلێک شتی بە دەستن
ئەو تاقمەش مۆسیقارن
هەڵبژێراوی شارن
بلوێر ژەن و قام بێژن
ئینشاڵڵا ڕۆژی جێژن
کە زۆر بێنن جێژنانە
زۆر گوێ دەگرن لەمانە
ئەو ئاغایەش ڕەئیسە
یانی سەرەک پۆلیسە
ئێوە خۆتان دەزانن
زۆر کەس زۆر بێ ویجدانن
زیندوون لە موڵکماندا
لەو دەشتی دوور و پاندا
لەژێر عاسمانان دەژین
جارێک ناڵێن ئێمە چین!
هەڵدەمژن هەوای ئێمە
ناڕەقسن بە نای ئێمە
پیتاک نادەن بە جوانی
منیش بەباشم زانی:
جەندەرمە و کوتەکمان بێ
پیاوی خاوەن چەکمان بێ
تا کێ زۆر باج ناهێنن
تۆزێکیان تێ سرەوێنن
ئەم کابرا سمێڵ فشەی
زلەی بە نرکە و مشەی
مل چرچەی شەپکە لەسەر
لەژێر دەستی دان نووسەر
کاکی سەرۆک تەشریفە
زۆر پیاوێکی زەریفە
هەرکەس بێتە کۆشکەوە
یان دەرچێ لە دەرکەوە
دەیان نووسن لە دەفتەر
جا ئێواران سەر لەبەر
هاتووچۆکەر دەبژێرن
ڕاستی گەلێک بەخێرن
جێ ڕاخەر و جێ هەڵگر
کێشکچی جوچک و مامر
چەند حەمامچی و کارەکەر
چەند دەرکەوان و نۆکەر
هێندە دەست و پێوەندن
خۆشیان نازانن چەندن
دیموکراتی ئاوایە؟
ئەوی پێتانم فەرموو
هەڵم بژارد ماست و موو
تەنیا هی منن، ئی وانیش
یانی ڕەفیقەکانیش؟
چازان و شێخ محیەالدین
وا بزانم زۆر پتر نین
دیموکراتی ئاوایە
هەموو کەسێک برایە
لەو ڕۆژەوە کە هاتووین
بۆ کۆشک دەستەبەر بووین
نەرم و ڕەق هەرچی ماڵە
بەشی ئەم دوو هەواڵە
وەک خۆم دامناوە و چاتر
جا ئێوەش، تۆزێ زیاتر
سێ ئەوەندە بژمێرن
خواردنمان بۆ بنێرن
کوێخاتان کەم نییە!
دەمەوێ تێ گەیبن باش
چمان نەخواستووە، بەلاش
ئەمانە گشت نان دەخۆن
کارتان بۆ دەکەن، جا چۆن
لە ئێمەو دێتە بەرچاو
گۆشت و ڕۆن و نان و ئاو؟
ئێمەش زەحمەتمان کێشا
شان و پیلمان زۆر ئێشا
مێشک و بیرمان ماندوو کرد
کۆشکێکمان لە نەبوو کرد
ناوبانگی کۆشکی ئێوە
گەیوەتە کوێ لە کوێوە!
خوا ئێمەی بۆ گەیاندن
دنیامان پێ ناساندن
دەتوانن خۆ هەڵکێشن
لە کۆشکا زۆر لە پێشن
هیچ کەس شتی وای نییە
کەس هێندە کوێخای نییە
قەدر گرتن
ئەمڕۆش کەوا میوانن
نامەوێ وای بزانن
من ئێوەم لە بیر نییە
نەقڵی مار و سیر نییە
هەرچی لێتان سێنراوە
خۆ تەواوی نەخوراوە
ئەو مەڕانەی هێناتان
بە دیاری بۆ براتان
گۆشتیان خورا لە چێشتا
سەریان هەرماوە هێشتا
دادەی نۆکەر ڕاپەڕن
بێنن چی سەرە مەڕن
ڕاکەن، زووکەن، بزانم
ئێوەش ئەی براکانم
هەرکەس سەرێ وەرگرێ
بێ زەحمەت بچتە دەرێ
بەگ کردنی وڕ و کاس
هێندەی هەڵڕژت قسە و باس
خەڵکی شار بە لارە لار
دڵ بریندار و هەژار
سەر بەدەست بە پرتە پرت
بەرەو دەرکە ڕێی داگرت
سەری پووچەڵ
دەیان ویست بچنەوە ماڵ
لەپڕ کوڕێکی منداڵ
بانگی کرد: خەڵکە مەڕۆن
دەچنەوە ماڵ چی دەخۆن؟
ئەم سەرانە کوڵاون
مێشکەکانیان نەماون!
قولی بەگ لە پەنجەرێ
سەری هێنایە دەرێ
گوتی ڕۆڵەم مەوەستن
بۆ مێشک چ دەربەستن؟
مێشک بۆ ئێوە چییە؟
چ بەهرەی پێوە نییە!
یەکێکی تر نەڕڕانی:
ئەدی کوانێ زمانی؟
گوتی: گیانی شیرینم
زمان دارت نەبینم
چ کارێکتان بە زمانە؟
مەپرسن لەم نەزمانە
خوا نەکا زمانوو بێ
بۆ ئێمە زیانوو بێ!
یەکێ هەرای کرد بە قاو
کێ دیویە سەری بێ چاو!
قولی بەگ تووڕە بوو لێی
گوتی: چاو زیت کوڕی کێی؟
چاوتان بۆ چییە؟ چاوم
لەداخان هەڵمساوم
چاو بۆ دین داندراوە
نابینن، چوو لە چاوە!
سەری ناوی
دیسان گەلی ژیان تاڵ
بزووتنەوە بەرەو ماڵ
ڕازی بە سەری کوڵاو
بێ مێشک، بێ زمان و چاو
بەڵام لاوێک نێرە کوڕ
گوڕاندی بە هێز و گوڕ:
من ئەم سەرەم بۆ چییە
هەرگیز کارم پێی نییە
سەر لە دەستا، خۆی بادا
گرتی و بە کۆشکی دادا
ڕەهۆڵ
عالەم بە جارێک تاسان
کەوا بە سووک و هاسان
کۆشک کون بوو بەو سەرە
لەرزی دەرک و پەنجەرە
جێی ئەم سەرە چکۆڵە
زلە دەڵێی ڕەهۆڵە
دیارە تیتاڵ و هۆ بوو
قسەی مەلا درۆ بوو
سەر کۆشک دەڕووخێنێ
هەرکەس سەری خۆی بێنێ
سەرباران
هەرچی سەریان لە دەستا
هەمووی بەڕیز ڕاوەستا
بانگی کرد یەکێکی پیر
پیری دنیادیدە و ژیر:
یاڵڵا کوڕگەل خۆبادەن
سەرتان بە کۆشک دادەن
یەک جێ لە لایەن یاران
کۆشک کرا سەرباران
کۆشکی زل کردی خرمە
لە دوور دەبیسرا گرمە
هەرچی تێدابوو مردن
چەوتی بەو دەردەی بردن
هەر هێندەی یەک کفلە کوون
دەتگوت تەنبەڵ هەر نەشبوون
کۆشک نەیما ئاسەوار
بێجگە نەحلەت لە زۆردار
بەزمە
مناڵ و پیر و جحێڵ
دەستیان دا پێمەڕە و بێڵ
پاکیان کردەوە تەواو
بلوور و شووشەی شکاو
لەجێ کۆشکا گرتیان دەست
لاوی قۆز، کیژی چاومەست
ڕۆینە و چۆپی و شێخانی
دەیانگوت بە گۆرانی:
«بە زۆر بستێنی مەڕێ
کەللەسەرت دێتە ڕێ»
پاش بەزم و شیرنی خواردن
کەوتنەوە هەڵبژاردن
کێ جاران کار ڕێکخەر بوون
کێ زۆرتر بەهرەدەر بوون
هەڵبژێران دووبارە
پێ ڕابگەن بەو شارە
دیسان وەک جاری جاران
دەستیان دایەوە کاران
هەرەوەزی ژیایەوە
بژیو زۆر کرایەوە
بەختەوەری و ژینی خۆش
خەمی کردن فەرامۆش
هەر عەقڵەی لە خەسارێک
تێگەیبوون لەو مەدایە
هۆی چی بوو ئەو بەڵایە
زانییان کە خوێندن نەبوو
بەو دەردەی بردن کەبوو
دەرسیان وەرگرت دەرسێ باش
قەراریان دا لەمەوپاش
هێند دروست کەن مەدرەسە
تا خۆیان دەڵێن بەسە
چ کچ بێ و، چ کوڕ، مناڵ
تا دەگاتە چاردە ساڵ
مەیلی بێنێ و نەهێنێ
بە زۆر دەبوو بخوێنێ
هەر مناڵێ وریا بێ
با خوێندنی باڵا بێ
زۆربن خوێندنگای بڵند
ڕیشەی ژیان بکەن توند
گەر خوێندەوار بێ کۆمەڵ
ناخوا فریوی تەنبەڵ
وەسیەت
تا ئێستاش کۆنە پیاوان
وەسیەت دەکەن بۆ لاوان
دەغیل: نەکەن بەهیچ جوور
دروست کەن کۆشکی بلوور
بەڵام دنیابوو، ڕۆژگار
تووشی کردن بە ناچار
پێشتان وابوو لاناچێ
بە هیچ قوڵنگ و پاچێ
سێ چوار سەری باوێنێ
خاترجەم دەیڕووخێنێ