سروودێک

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  752 بینین
کوردستانی نیشتمانم، ڕووگە و هەوێنی ژیانم
بەدیمەن و خۆشەویستیت، ڕاهاتون چاووزمانم
تۆ بەهەشتی سەرزەمینی، جوانی بێ وێنەی جیهانی
پڕ لە نەوت و زێڕ و زێوی، پڕ لە پیت و دەغڵ و دانی
داگیری کردووی بێگانە، بۆ کوندەبوو بوویە لانە
دژ مەبە، دەبووژێیەوە، بەرتەسک و تەنگە تەنگانە
سەربەخۆ بوونت نزیکە، ڕۆڵەی ئازات پێگەیشتوون
دەمی خەنجەر تیژ کراون، بۆ تۆڵەت دەس لەسەر مشتون
کیژ و لاوی ئازادیخواز، شێری تەلار لەلان دەرچوون
چاری داگیرکەرانی کورد، یان گیان دەرچوونە یان دەرچوون
کورد و کوردستان پەرستم، سوێند بەو ڕووگەی خۆشەویستم
تا دوژمن لە خاکمدا بێ، نابێ لە خەبات بوەستم