کاوێژی لەمێژینەیەک

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 3 خولەک  522 بینین
ئەوسا کە خوردە پایەکی بێ مایە بووم لە تەرەغەشوێن و پاشان لە بۆکانشوێنێ دەژیام. لە سایەی ماڵە ئێلخانی و بە تایبەتی کوڕانی حاجی بایزاغا، لە زۆردارانی لاوازخۆر پارێزرابووم. دەگەڵ ئەحمەداغا و قۆج بەگ، مەراقی قسەی قۆڕمان بوو، دەمەلاسکەی سەعدیکەس و حافزکەس و مافزم دەکردەوە -کە ئێستا لە بیرچوونەوە دوو ڕەمەزاننامە نەبێ - کە ئەو سەردەمە گوتوومە و بردوومە بۆ ئەحمەداغا:
شابان بۆ سەفەر گرتی تەدارەک
لێم وەژوور کەوت مانگی مبارەک
هەستام لەبەری، گەلێ بە قەدر
بە خێرم هێنا و بردمە لای سەدر
بەرتیلی دەرد و بێگاری دوایی
کەبابم بۆ کرد، بۆم لێنا چایی
وێستام ڕوو بەڕوو تا ڕۆژ دەس نەزەر
شەوگار کە ڕابرد، نزیک بوو سەحەر
عەرزم کرد: چۆنە لێرەت دەبینم؟
خۆ نەتهێناوە مایەی لەرزینم؟
فەرمووی: نایەوێ ببی بێ سەحەت
زۆر لەمێژە هەی ئاسوودە و ڕەحەت
من یازدە مانگە نامبینی لە ماڵ
چوومە دروێنەی پەڵەگەنمی ساڵ
نەجاتم داوە دروێنە و کێشە
بڕیومە دەمبێن بنتا لە مێشە
کارم تەواوە، گێرەیە وادەی
فەورەن تێگەییم چییە ئیرادەی
قوشقی بووم، دڵم واقی بردەوە
ڕێی هەڵاتنم تاقی کردەوە
هەستا بە گورجی، زانی بە سڵ بوون
لای دەرکی بڕی، گیرام خڕمچوون
***
پشتی خوراندم، فیتەی بۆ لێدام
چەڵەمەی ڕۆژووی لە مل گرێدام
بە «نەیخۆی باشە»، بە «خێرە خێرە»
توند دەمی بەستم وەک پانێر گێرە
بیست و نۆ تایە کڵۆشێکی خاو
بە منی گێرەکرد ئەو مانگە تەواو
لەپاش وردەکوت کە زانی مردم
گوریسی کێشا و بەرهەڵدای کردم
فەرمووی «سبەینێ با بەرهەڵدابی
شەش ڕۆژی دیکەش دەبێ تێدابی»
مۆزم کرد زانیم کە گێرە ماوە
تا نێو «قەرەگوێز» ئاوڕم نەداوە
دەستم دامێنت ئێلخانی زادە
تکام بۆ نەکەی قەت بەرم نادا
سەد سۆفی هەیە پشت پان، مل فیلە
بەوان گێرەکا پەڕش و دێمیلە
ڕاوەستێ کە گوتی «هەر دەیهێنمەوە
هێندێک ڕیخۆڵان بخووسێنمەوە»
***
جێژنان عادەتە لە نێو ڕەعایا
دەبەن بۆ ئاغا توحفە و هەدایا
لاییقی حوزوور دیاری جوان و شیک
نەم بوو بە غەیرەز دوعاوو تەبریک
عەرزی تەبریکم لەو عیدەت هەیە
شاییم بەو ڕۆژە سەعیدەت هەیە
یا خودا تا حەرشە لەسەر شان و پیل
تا تێی دەتووڕێ نەفخی ئیسرافیل
تا لولە دەکرێ سەمای سەبزپووش
تا دەبن کێوان وەک عیهنی مەنفووش
دایم جەژنت بێ و جەژنت پیرۆز بێ
بەهاری ژینت جەژنی نەورۆز بێ