سروود بۆ پێشمەرگە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
860 بینین
ئەمە پۆلی لاوان و گەنجی وڵات
بە قەلبێکی پڕ هێز و عەزم و سبات
بە ڕوحێکی خاوێن بە ئیمانی چاک
بە قورئانی پیرۆز، بە یەزدانی پاک
بە نامووس و دین سوێند دەخۆین گشتمان
کە تەخسیرێ ناکەین لەڕێی نیشتمان
بە یاری خودا تاک و ئاخر نەفەس
دەکۆشین و ئەم خاکە نادەین بەکەس
***
کوڕی کوردی گوردین، نەبەرد و نەبەز
لەشەڕ مەست و سەرخۆش نابین وەڕەز
هەموو پەنجەمان ئاسنین و قەوی
لەبەر هەیبەتی مە دەلەرزێ زەوی
هەموو بێچوە شێرانی شێر هەڵدڕین
وەکو بەبری ئازا و پڵنگی دڕین
ئەجەل وا لە لوولەی تفەنگی مەدا
ڕەها نابێ دوژمن لە چەنگی مەدا
***
هەموو دەستمان داوەتە دەستی یەک
بەقەول و بەڕۆح و بەماڵ و بەچەک
هەتا ماوە قەترێکی خوێنی بەدەن
دەبێ بڕژێ بۆ ڕێی نەجاتی وەتەن
بکوژرێین لەڕێی حیفزی نامووس و دین
گەلێ خۆشترە نەک بە دیلی بژین
هەموو سەر لەسەر نیشتمان بەخت ئەکەین
هەموو ڕێیەکی سەختمان تەخت ئەکەین
***
بژی کوردەواری لە ئازادییا
بژین لاوەکانی لە دڵشادییا