کوردە گیان یاخوا جێژنت پیرۆز بێ
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
1190 بینین
ساڵی ١٣٢٤ بۆ ساڵپێوم نووسیوە کە لەبن هەر مانگێکدا دوو بەیت بنووسرێ:
خاکەلێوە
کوردە گیان یاخوا جێژنت پیرۆز بێ
بەهاری ژینت جێژنی نەورۆز بێ
چەند دڵگوشایە خاکەلێوەکەت
پیرۆزە ڕەنگە شاخ و کێوەکەت
بانەمەڕ
مانگی بانەمەڕ لە کوردەواری
بەهەشت لە دنیا خۆی داوە دیاری
کەژ پۆشی لە گوڵ چادری سوور و زەرد
هاڕەی هەڵدێران دەرمانە بۆ دەرد
جۆزەردان
ڕەنجبەر با بەس بێ سەیری گوێسوانان
لەدەستی تۆیە چاوی ئەعیانان
وا جۆزەردانە و کۆچی بەهارە
سەرەتای ڕەنجی مامی جووتیارە
پووشپەڕ
یاخودا هەرکەسێ کوردی خۆش نەوێ
وەک پووشی پووشپەڕ بە ڕوودا کەوێ
بە داسی مەردی پاڵەی کوردستان
بیدەن لە تایە بۆ ساردی زستان
گەلاوێژ
گەلاوێژەکەی بەختت لە ئاسۆ
دەرکەوت، چابوو تۆ نەبووی ڕەنجەڕۆ
نرخی ئەم مانگە پارەی گیانە
جێژنی سەرساڵی کۆمەڵی ژیانە
خەرمانان
وا ڕەنجی ساڵێت هاتۆتە بەرهەم
ڕۆژی ماو زۆرن، نەبی کەترە خەم
ئەمساڵ تۆ نەکەی بۆ ساڵی دوایی
مانگی خەرمانان دەکەی گەدایی
ڕەزبەر
ڕەزمان هاتە بەر، لەخەم بووین ڕزگار
ڕەزبەر بە خێر بێ بۆ کوردی هەژار
پڕبوو لە میوە ئەم دەر و دەشتە
ڕاستی کوردستان وێنەی بەهەشتە
خەزەڵوەر
دوژمنمان بمرن بە دەرد و بەڵا
وەک بە خەزەڵوەر دادەڕژێ گەڵا
ئاوردوو داخە کوردە زستان دێ
بەفر بەڕێوە بۆ کوردستان دێ
سیخوار
سیخوار خۆی نواند لە بەر پەساران
سەرما هات، دڕا بەرگی هەژاران
نا نا، تۆ مانگی دڵخۆشی و شادی
تێتدا هەڵکرا ئاڵای ئازادی
بەفرانبار
وا بەفرانباری ڕووگرژ و تاڵە
کوردە گیان وەختی خزانە ماڵە
هاوین پەیداکە، ئەمڕۆ بی پۆشە
پیاو بەئێروو بێ؟ زستانیش خۆشە
ڕێبەندان
ڕێبەندان گەرچی ڕێگەبەندانی
گلێنەی چاوی گەلی کوردانی
لەنێو مانگاندا جوان و ڕووسووری
لە تۆدا کرا جێژنی جومهووری
ڕەشەمە
ڕەشەمە، نامەی بەهاری هێنا
کۆچی بە خێڵی سەرمایە لێنا
ڕنووی ڕووخاندن تۆپخانەی شەماڵ
کوردە دڵخۆش بە نەما ژینی تاڵ