کۆهستان
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
655 بینین
پاش هەرای شەهریوەری بیست، تا ماوەیەک ئازادی قەڵەم لە باوبوو: لاوە کوردێکی سنەیی بە ناوی دوکتۆر سمایلی ئەردەڵانکەس، بۆ خزمەت بە هاوخوێنانی حەوتەنامەیەکی فارسی کە ناوی نابوو «کۆهستان» لە تارانشوێن بڵاوکردەوە. زۆری بەهرە بە کورد گەیاند. کوردی ئاوەکی و لاوەکی و خۆماڵی لێکتر بێ ئاگای پێکەوە کردە ئاشنا. هەتا توانی دەنگی کوردی بەشخوراوی بە خوێنەرەوان ڕاگەیاند. جاروبارێکیش بەخشکە هۆنراوەی بەزمانی کوردی تێ داخنی. کە دیکتاتۆریی شای پاشین دەس پێ کرا، ئەو دەنگی کوردەش داخرا. من کە زۆر خۆشم گەرەک بوو، چەند وتارێکم بۆ هەنارد و چاپی کردن. هۆنراوێکم کە بە کوردی بۆ نووسیبوو، باسم بە چاکە کردبوو؟ لە ژمارێکیدا خۆی گونجاند، کە ئەمەبوو:
نامەی کۆهستان ئەو ئەستێرەی تۆ
ورشەی پرشینگت دای لە هەردوبۆ
شەوەزەنگی کورد، دەرد و نەهاتی
ئەستێرەی بەختی، تێیدا هەڵاتی
تۆ ئەو ئەستێرەی پیاو لێت بڕوانێ
چەتە و پێوەدەر بە پیاو نازانێ
تۆ ئەو ئەستێرەی: هەڵدێ بە پارشەو
موژدەی ڕۆژ دەدەی ڕاپەڕین لەخەو
***
پەڕت وەک پەڕی پیرۆزە پیرۆز
داژدار و چاوسوور لەناو گەل و هۆز
سێبەری باڵت لە هەرکەس بدا
وازی لەچی بێ؟ بەئاوات دەگا
سیمرغی کوردی، تۆ بە هۆی شاباڵ
بێ بابان دەکەی لەسەر زاڵان زاڵ
بازی بەودمی بۆ کوردی هەژار
کوندی بۆ دەزگای خوێنخۆر و زۆردار
***
کوێستانی خێڵی بێ ئەنوا کانی
بۆ تینووی کوردان: کانی بۆکانی
زستان کە ڕۆیی خێڵی کوردستان
شوێنیانە دەبزوون ڕوو بە ڕووی کوێستان
کە بەفر و سەرمای بیست ساڵە چۆوە
ها، خۆ دەخەینە باوەشی تۆوە
تا تۆمان هەبی؟ خەمی چمانە؟
کێ لێمان دەگرێ: بڕ و بەهانە؟
***
کوردە، کۆهستان بەناو ئەنواتە
لە تەنگاناندا باب و براتە
کۆهستان، یانی: کوا هەستان لەخەو
بۆ بێهەستە باز لە ڕوو بەڕووی کەو؟
هاواری تۆیە لە پاتەختەکەت
بۆت تەخت دەکا: ڕێگا سەختەکەت
کۆهستان، بۆ کورد: هومێدی و قەڵا
خوا بتپارێزێ لە دەرد و بەڵا