دەبوو بیزانیبا

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  753 بینین
دەڵێن جارێ لە گوندێ ڕێبوارێ
ببوو میوان لە ماڵی جووتیارێ
شەوێ شێو شۆربە ماشی شۆر و شل بوو
کەبانووی ماڵ هەڵیلووشی تەغارێ
کە هەڵسا دەفر و ئامانان وەکۆکا
جڕێک هات هەر وەکو داتاشی دارێ
دەڵێن میوان دەواری خانەخوێیە
وەکو نەیبیستبێ خۆی دا کەنارێ
شەوێ جێیان لەبەر دەرگاوە چاکرد
کرا ڕێبازی نێو ژوور و حەسارێ
کەبانوو نیوەشە و گوو تاوی دابوو
هەڵات بۆ دەر بەبارێ پێی بچارێ
نەگەییە جێ و لەسەر میوان هەڵی ڕشت
وەکو گامێش لەسەر شینکەی بەهارێ
وتی میوان: کڵۆڵی هۆشی خۆمم
چما گوێی ئاو نەدام زرمەی پلارێ
کە چەخماغەی دەدا کونگت سەری شەو
دەبوو بمزانیا باران دەبارێ