دۆستی نەزان
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
794 بینین
باغەوانێکی پیری کۆنەساڵ
لەگەڵ ورچێکا ببوونە هاواڵ
دۆستی یەکتر بوون بەدڵ و بەگیان
هیچ سات و کاتێ بێ یەک نەدەژیان
لە گوێز لە ترێ لە دانە و هێشوو
بۆ مام ورچ بوو نۆبەرەی پێشوو
ورچەش زۆر بەدڵ خزمەتی دەکرد
هەرکارێک هەبا بەڕێوەی دەبرد
داری دەتەکاند ترێی ئەچنی
چنگاڵی چەک بوون لە ڕووی دوژمنی
بە ڕۆژ کارکەر و پاسەوان بەشەو
باخەوان بێ خەم چاوی ئەچوە خەو
***
ڕۆژێکی هاوین باخەوانی پیر
خەوتبوو لە بن دارێکی هەنجیر
ورچە لە تەکیا هەڵتروشکا بوو
مێش دەرکرانی پێ سپێرابوو
ئەو ڕۆژە وای کرد هروژمی مێشان
بۆ ورچە ببووە مایەی سەرئێشان
ویستی بە جارێک قڕیان تێ کەوێ
تا دۆستی بەڕێز خەوی لێ کەوێ
گاشێکی هەڵگرت بەهەموو توانا
بە بێ سێ و دوو دای بە مێشانا
لەگەڵ مێش کوشتن کابراشی جنی
دۆستایەتیەکەی بوو بە دوژمنی
دۆستت نەزان بێ لە بەری هەڵێ
ڕووڕەشی لەدووە ماچی مەنجەڵێ