کەر بە لاحەول ناژی
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
841 بینین
دەروێشی شڕ و کەرێکی لاواز
شەکەت لە نشێو، ماندوو لە هەوراز
شەو داهات لای دا لە خانەقایەک
لە سۆفی پرسی: بۆ کەر جێگایەک
گوتی: ماشەڵڵا دەروێش چ ژیری!
لە بیرت نەچێ میوانی پیری
زۆرزۆر خۆشهاتی جێگات لەسەرسەر
بێ خەم، لە سەر من دابینبوونی کەر
وتی: سا توخوا بیبە سەر ئاوێ
ئەی سوبحانەڵڵا دەروێش پێی ناوێ
سۆفی گیان کاشی بۆ دانێ کەمێ
ئەستەغفیروڵڵا جۆشی ئەدەمێ
پەینی وشکیشی بەرپێ ئەڕێژی؟
لاحەولەوەلا، دەروێش چ گێژی!
خانەقای شێخە و جێگەی ئیللەڵڵا
تاقەتی ئەکەم، مەیکە بەهەڵڵا
***
دەروێش پڕخەی بوو بەدرێژایی شەو
سۆفی و کەر و کا و جۆی دەهاتە خەو
بەیانی دیتی: کەر هەر بەجلە
سەر تا پای نوقمی ڕیخاوی شلە
لە برسان سنگ و گوریس ئەجاوێ
نە سۆفی دیوە و نە کا و نە ئاوێ!
کەری وەدەرنا بە پاڵەپەستۆ
جار بەپاش دادێ جار بەسەر ئەستۆ
گوتیان: مام دەروێش کەر چی بەڵایە
وتی: بێ هێزی سوبحانەڵڵایە
درێژاییی شەو هەر ئیلەڵڵای خوارد
سۆفی سەوەیەک ماشەڵڵای بۆ نارد
کەرێ هەموو شەو لاحەولێ بادا
پێو سەیر نەبێ گەر بێ بەلادا