ورچی نەکوژراو مەفرۆشە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
686 بینین
دوو کەسی ڕاوکەر چووبوونە جەنگەڵ
یەکێ ترسەنۆک، یەکێکی تەنبەڵ
ترسەنۆک وتی: ورچێ ڕاو ئەکەین
های کەوڵی ورچ لە شار قاو ئەکەین
بە نرخی ورچە زۆر کوتاڵ ئەکڕم
بۆ تۆش کراسێک لە جاو دائەدڕم!
ورچێک دەرکەوت لە سای نزارێ
ترسەنۆک ڕای کرد پەڕیە سەر دارێ
تەنبەڵ لێی کەوت وات ئەزانی مرد
ورچەی هاتەسەر بۆنی پێوە کرد
بە مردووی زانی و هێشتی بێ گێچەڵ
کابرای لە سەردار گوتی بە تەنبەڵ:
ورچە چی ئەگوت؟ بەخوا زۆر ترسام
وتی: دوو پەندی زۆر باشی دادام
لەگەڵ ترسەنۆک مەبە بە هاوکار
تۆ بەجێ دێڵێ و خۆی دەچتە سەر دار
دۆشت پێ خۆش بێ بەران مەدۆشە
ورچی نەکوژراو پێستی مەفرۆشە