تووتیی کەچەڵ

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  655 بینین
تووتییەکی هەبوو وردە فرۆشێک
چلۆن پیتۆڵێک؟ چۆن قسە خۆشێک؟
لەبەر گەپجاڕی و گاڵتەی ئەو مەلە
کڕیار کۆمەڵ و کابرا بە پەلە
ڕێی دەستی نەبوو سەری بوخرێنێ
دراو بستێنێ و فرۆشراو بێنێ
ڕۆژێ مام دەروێش چوو بۆ مزگەوت
گورپەیەک ڕێگەی لە دووکان کەوت
کەڵپی چیڕ کردن لە تووتی خواردن
تووتی ڕاپەڕی بۆ خۆ وەشاردن
باز لە پشیلە و لە تووتی فڕە
ڕژایە سەریەک شاتاڵ و شڕە
شووشە ڕۆن بادام داکەوت و پژا
ڕۆن بادام بەسەر گرار دا ڕژا
خاوەن هاتەوە سەر ماڵی وێران
پەل و پلاری داوێشت وەک کوێران
چەپۆکێکی دا لەسەری تووتی
تووکی لێ وەری و سەر، ما بەڕووتی
مات و کڕ وکپ دەمی پێکادا
کۆمای کڕیاریش لە کابرای لادا
ئەهاتن تا گوێ لە قسەی خۆش بگرن
ئێستا بۆچیانە دەروێشی ورگن
خێو کە تووشی هات بازاڕی کەساد
پەژیوان ببوو کەوتە خوداداد
دەپاڕایەوە بەناڵە و ڕۆڕۆ
بەڵکو مەل دیسان بێتە گفتوگۆ
هیچ بەهرەی نەما نزای زمانی
ناچار گایەکی کردە قوربانی
بەناو باژێڕدا گەڕا و بانگی هێشت:
هەرکەس هەژارە بابێتە سەر چێشت
کۆبۆوە گەلێک تەنبەڵ و ڕووتەڵ
تووتییەکی دیت وەکو خۆی کەچەڵ
بانگی کرد خاڵۆ کێ لێی دای بە مشت
تۆش دیارە وەک من ڕۆن بادامت ڕشت
تووتی کەوتەوە وتار وەک جاران
ئەمەش بوو بە پەند لە جەرگەی یاران:
هەربیر لە خۆیە هەرکەس داخێوێ
لە هەنبانەی خۆی گوێزان دەپێوێ