ڕەقە و مراوی

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  588 بینین
جووتێک مراوی ساڵێ لە چۆڵێک
هێلانەیان بوو لە نزیک گۆلێک
ڕەقێک بۆیان بوو بە دراوسێ ماڵ
زۆری پێ نەچوو زۆر بوون بە هاواڵ
کاسە جیرانیان بۆ یەکتر ئەبرد
شەو و ڕۆژ یاریی یەکتریان ئەکرد
ئەوان لەسەر باڵ دەیانکرد سەیران
ڕەقە لەبەرماڵ دەبووە پاسەوان
زستان خۆی نواند بەڕووی تاڵ و مۆن
باڵدار ناچار بوون بۆ گەرمێن بڕۆن
ڕەقە دەستی کرد بە شین و گریان
جەرگی ئاسنی بۆ دەبوو بریان:
سەر سەوزی ڕەنگین بۆرچینی نەشمیل
لە دووری ئێوە دەگرم دیق و سیل
وەک باوکی وسوو مەمکەن پیر و کوێر
منیش هەڵگرن دێمە گەرمەسێر
ڕەقە گازی گرت لە دارێکی سووک
هەردوو سەریان گرت باڵدار بە دندووک
فڕین لە دەشتان لە چیا و نواڵان
چاویان پێ کەوتن ژن و مناڵان
وتیان: مراوی چەند بە فریوە
ڕەقەی هەژاریان بەدار دزیوە
ڕەقەی ڕق هەستاو لەم گفتوگۆیە
زاری کردەوە و گوتی: درۆیە
ئیتر سەرەوژێر بۆی هاتە خوارێ
کەوتە نزارێ ناو بەرد و دارێ
خوێنت هەڵ نەچێ بەگفتی بەدکار
نهێنیی دڵت مەهێنە سەرزار