مێشک و دڵی نییە
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
846 بینین
شێرێک نەخۆش بوو ژان لەدڵ و سەر
وتیان دەرمانن مێشک و دڵی کەر
وتی بە ڕێوی: کەرێک پەیداکە
بەشم مێشک و دڵ بەشت کەلاکە
ڕێوی چووە لای کەر گوتی: کەری ژیر
وەرە بۆ لای شێر دەتکا بە وەزیر
کەوتە دووی ڕێوی دڵخۆش دەیزەڕاند
شێر لێی ڕاپەڕی ملی تێک شکاند.
گوتی: من دەڕۆم دەست و پەل دەشۆم
چاوەنۆڕی تۆم مێشک و دڵ بخۆم.
ڕێوی بە هەڵپێک مێشک و دڵی خوارد
خۆی لە شێرە بوارد تا شێر لە دووی نارد
کوانێ مێشک و دڵ؟ خۆ نەیبو پاشا!
سەیرە و تەماشا! خۆم دیم لە لاشا
پاشام ئەگەر کەر مێشک و دڵی با
دەبوو فیکی خۆی زوو بزانیبا
کەر و وەزیری؟ کێ بیستوویەتی؟
من ئێژم نەیبوو، ئێژی بوویەتی!
شێر فەرمووی: کەرێک بەخۆی نەزانێ
ڕێوی ڕاست ئەکا مێشک و دڵ کوانێ؟