ڕێوی و کەڵەشێر

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  742 بینین
ڕێوییەک دەگەڕا مڵومۆی دەکرد
هەر چاوەنۆڕی ڕۆزیی خۆی دەکرد
کەڵەشێری سوور دوور هاتە بەرچاو
پاش چاک و چۆنی و ڕۆژباش و سڵاو
پێی وت: بەهەشتی باوکت برام بوو
یان من لای ئەو بووم یان ئەو لە لام بوو
دەنگ خۆشی وەک ئەو کوا دەبێتەوە
هیچ کەڵەبابێک جێی ناگرێتەوە
کەڵەشێر وتی: ڕێوی چە ئێژی
خۆت هەڵە ئەکەی یان گێل و گێژی؟
ئاواز خۆشترم گەلێ لە باوە
ناوبانگی دەنگم گەیوەتە لاوە
چاوی قووچاند و باڵی پێکادا
ڕێوی بە قەپێک کڕکڕەی بادا
بردی و قیڕاندی و پێی زانی خێوی
سەگەلی بەردا شوێن پیرە ڕێوی
کەڵەشێر وتی: ئەگەر دەتەوێ
چیدی گەماڵ گەل وەدووت نەکەوێ
بێژە وەخێوم با دڵنیا بێ
بۆخۆی پێی خۆشە لەگەڵ منا بێ
ڕێوی بۆ وتار دەمی کەوتە کار
کەڵەشێر بەغار پەڕیە مازودار
ڕێوی بانگی کرد: بەڵام لە زارێ
بە بێ کات جارێ هاتە وتارێ
کەڵەباب گوتی: با کوێر بێ چاوێک
لە ڕووی دوژمنان لێک نرێ تاوێک