بایەک
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
822 بینین
یەکێ لە برسان نەک فێڵبازانە
لە جێیەک دزی مستێ ڕازانە
خاوەن ڕازانە بە کاریان زانی
بە دار و قامچی بەربوونە گیانی
کابرا شل و کوت بەسەد کەوت و ڕەوت
ژان لەلەش، لەزگ خۆی کوتا مزگەوت
ناڵە و هاواری خستە هەر لایە
بژیشکێ گوتی: دەرمانت بایە
ڕازانە بایە بە با دەر کردن
ڕزگاریت دەبێ لە چنگی مردن
نەخۆش دەتلاوە بە ئاوات باوە
تا فەرداهی ڕۆژ هەر دەپاڕاوە
نزای ناڕەوا بای دەر نەهێنا
بە ناهومێدی سەری هەڵێنا
گوتی: خودایە وا دیارە دەمرم
بۆ ئاواتێ تر داوێنت دەگرم
لە پاش مردنم بەهەشتم دەرێ
هۆری و هەنگوین و ئاوی کەوسەرێ!
یەکێ ئەمەی بیست لێی هاتە وتار
گوتی: هەی گێژی زۆر بێژی لاسار
لێی پاڕایەوە سەر لەبەر شەوێ
تڕی نەدایەی بەهەشتت دەوێ؟
کەسێ بۆ بایەک دەنگت نەیگاتێ
هۆری و هەنگوینت چلۆن دەداتێ؟