کرمی ناوخۆ
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
895 بینین
چڵێک مالۆچە لە دار بی هاڵا
ڕۆژێک لە گەڵیا دەیکرد سکاڵا
ئاواڵ! بۆ کزی بۆ ڕەنگت زەردە؟
نە تینووی ئاوی، نە جێگەت بەردە
بیور ناتبڕێ لە چی دەپرسی
لە کڕووسینەوەی بزن ئەترسی؟
بەرز و ئەستووری ڕەگت کوتاوە
دژی و کەنەفتی بنێرە لاوە
بڕوانە منی باریک و بێ تین
هەروا هەڵدەچم گەڵا تورت و شین
ڕێگەی پایزی مەرگم لە پێشە
هێشتا وەکو تو نیمە ئەندێشە
***
بە هەناسەیەک سەری دار لەری
قرچەی لە دڵ هات چەند گەڵای وەری
گوتی: ئاودەنگی شۆخ و شەنگی من
لاوێنەرەوەی دڵی تەنگی من
ژانم گرانە و ناسۆرم زۆرە
دار کە دەقەڵشێ لە دارە هۆرە
کرمم تێ دایە و ئەویش لە خۆمە
لە کرتاندنی ڕاهێڵ و پۆمە
هەر دارێ کرمی لەناو خۆیدایە
دەشکێ و دەکەوێ بە سووکە بایە