مشک و مێروو
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
1 خولەک
892 بینین
مشکێ وامی کرد گەنم لە مێروو
زستانی ڕابرد تێر و بە ئێروو
هاوین کە مێروو چوو داوای لێ کرد
سەد جوێنی پێ دا هەروا وای پێ کرد
وتی: باریکی سەرزلی قون خڕ
بێم بە گازێکم بتکەم شڕ و وڕ؟
چ ڕێت دەکەوێ گەنمت لای من بێ
من کەی وام لێ هات مێروو تای من بێ؟
مێرووی بەستەزمان چوە لای گورپەبۆر
گوتی خاوەن زۆر گورپەی مشک خۆر
پیاوەتیم لەگەڵ پێ نەزانان کرد
سووک باریم لەڕووی گران جانان کرد
پشیلە فەرمووی من لە گەڵتا دێم
تێی دەگەیێنم ئەو کێیە و من کێم؟
مێروو لای مشک دایکوتا سڵاو
مشک تووڕە بوو، پشی گوتی میاو
وتی: ئەز گوری، دەسەرت گەڕێم
وا چەند لەمێژە لە ڕبە ئەگەڕێم
بۆ خۆم بە کۆڵم بۆت ئەهێنمەوە
قورسە پارسەنگت بۆ ئەخوێنمەوە
نەرمی تێناگا سپڵەی بێ ئەمەک
دەبێ نەرمی کەی بە زۆری کوتەک