چاکە لەگەڵ خراپان

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  526 بینین
ڕۆژێ دووپشکێ کەوتبووە ناو ئاو
بێ هێز و داماو وەک نیوە خنکاو
ڕەقێکی ئاوێ بەزەی پێدا هات
ویستی لە مردن ڕزگاری بکات
سواری پشتی کرد چوونە ئیشکانی
دووپشک هەلی بە دەرفەت زانی
گوتی: لە مردن کردت ڕزگارم
تا دەمرم بۆ تۆ سوپاسگوزارم
کلکی درێژ کرد نایە ناو دەستی
گوایا بۆ سوپاس دەرببڕێ هەستی
ڕەقەش بە پەنجەی سەر کلکی کوشی
بە پێوەدانێک داتۆڵا لەشی
چزووی ژەهراوی هەر گەیشتە لەش
ڕۆژی ڕووناکی لێ بوو بە شەوڕەش
وڕێنەی دەکرد لە گیانەڵاوا
بۆ پیاوەتیم کرد لەگەڵ ناپیاوا؟