درۆ بە درۆ

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  616 بینین
ئاغا دەتگوت کۆڵەوەژە
خوار و ڕەش و بەگرێ و تەژە
دەستی ڕژد و نان نەدەر بوو
میوان بۆ ئەو دەردی سەر بوو
باتووی کەر و باینجانی
لە نەزانی یەک ئەزانی
شاعیر شیعری بۆ دانابوو
بەرەو ئاوەژووی ڕانابوو:
مانگ لە جوانیت شەرمەزارە
نانخۆرت هەزار هەژارە
بەژن و باڵات سەوڵی تازە
چاوت چاوی سەقر و بازە
کەس لێتان وریاتر نییە
زیرەک و زاناتر نییە
ئاغا زۆر لێی خۆش هات ئەمە
کەوتە بەزم و گەپ و گەمە
وتی: فەرموودەت دڵگیرە
دەم خۆشانەت هەزار لیرە
***
شاعیر هەر ما و پارە نەبوو
هاوار نەبێ چارە نەبوو:
ئاغا لیرەکان پێم ناگەن
فەرمووی پێم سەیرە تێم ناگەن؟
تۆ دڵخۆشت کردم بە درۆ
منیش لەو ماڵە دام بە تۆ
درۆمان بە زۆران داوە
دراو بێ ناوە لەو ناوە
نرخی درۆ هەر درۆیە
وەرامی گڵمەت کڵۆیە