کەری بێگار

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  777 بینین
کابرایەکی زۆر ترساو
پشووسوار ڕەنگ بزڕکاو
بەغار ڕووی کردە ماڵێک
خۆی کوتا بن هەرزاڵێک:
هاوار پەنام هێناوە
زۆر پیسم لێ قەوماوە
بەکەس مەڵێن وام لێرە
خاوەن ماڵ پرسی: خێرە؟
گوتی: دارۆغەی خونکار
کەران دەگرن بە بێگار
من ئەگەر چی پیاویشم
زانا و خاوەن ناویشم
بەڵام لەلای ئاغامان
نە ڕامانە و نە ئامان
هیچی لەبەر چاو نییە
فەرقی کەر و پیاو نییە
دوور نییە دارۆغەی شار
پشتم بخاتە بەر بار
زانا لەلای لاساران
دەبنە کەری بێگاران